گوتەبێژی یەکێتی: 19ی ئایار لە رۆژە پێشنیازکراوەکانە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

28-01-2024
پەیمان محەممەد
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەن، پێویستە بە زووترین کات لەگەڵ پارتی کۆببنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''زۆر کەس پێیان وایە 19-05-2024 باشترین کاتە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."
 
رۆژی یەکشەممە، 28-01-2024، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''چەند وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پێشنیازکراون و ئێستا ماوەتەوە سەر ئەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان کۆببێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر وادەیەک رێکبکەون."
 
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، زۆر کەس باسی ئەوە دەکات کە 19-05-2024 باشترین کاتە بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
 
گوتەبێژی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا بە مەبەستی کۆبوونەوە لەسەر دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هیچ بانگهێشتێکی فەرمی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە بۆ حیزبەکەی نەچووە.
 
لە 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە و دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و ئاڵۆزییەکان هەرێمی کوردستان و عێراقیشیان گرتووەتەوە. سەعدی ئەحمەد پیرە لەوبارەوە گوتی، ''پێم وایە ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەن، وەک ناسەقامگیری، هێرشی مووشەکی و درۆنی، ئەوە دەخوازێت کە پێویستە بە زووترین کات پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و مەلەفی ئەمنی کاری لەپێشینەمان بێت".
 
گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لەگەڵ پارتی لە پەیوەندیدان تاوەکو رۆژێک بۆ کۆبوونەوە دیاری بکەن؛ گوتیشی، پێشێلکردنی سەروەریی هەرێمی کوردستان و عێراق بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانەوە بەشێک لە تەوەری گفتوگۆکانیان دەبێت.
 
لایەنە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، بەڕێوەچوو، حەوت کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکەیان بەدەستهێنا. لە نەینەواش لایەنە کوردستانییەکان 6 کورسی و لە دیالەش کورسییەکیان بردەوە. سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، ''کۆبوونەوە بۆ دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوا بە جیا دەکرێت و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش لەو کۆبوونەوانەدا بەشدار دەبن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە