لە رانیە شەش ئەندامی یەک خێزان بە قارچک ژەهراوی بوون

27-12-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شەش ئەندامی خێزانێک لە رانیە بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە. پزیشکێکی هەناو دەڵێت، "تەندروستییان جێگیرە و تەنیا یەک کەسیان لە نەخۆشخانە هێڵدراوەتەوە."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، شەش ئەندامی خێزانێک لە قەزای رانیەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، بەهۆی خواردنی قارچک ژەهراوی بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شارەکە.
 
ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە رانیە دەڵێت، دوای ئەوەی ئەندامانی خێزانەکە دۆخی تەندروستییان تێکدەچێت، سەردانی نەخۆشخانە دەکەن و دەردەکەوێت کە هەر شەش کەسیان بەهۆی خواردنی قارچک کە لە دەشت هێناویانە ژەوهراوی بوون.
 
دکتۆر زمناکۆ عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو بە رووداوی گوت، "پێنج لە نەخۆشەکان رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە و تەنیا یەک کەسیان لە نەخۆشخانە هێڵدراوەتەوە کە ئەویش چارەسەری تەواوی وەرگرتووە و ئێستا تەندروستی جێگیرە."
 
وەک پزیشکەکە ئاماژەیدا، لەم هەفتەیەدا دووەم جارە بەهۆی خواردنی قارچک حاڵەتی ژەهراویبوون روودەدات و سەردانی نەخۆشخانە دەکەن. گوتیشی، "نیشانەکانی ژەهراویبوون زیاتر بە رشانەوە، سکچوون، سەرئێشە و ئارەقکردنەوە دەردەکەون."
 
پسپۆڕانی خۆراک دەڵێن، قارچک دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و پرۆتینەکان، بەڵام نابێت هیچ قارچکێک بخۆن، تاوەکو 100% دڵنیا نەبن کە ژەهراوی نییە، چونکە هه‌موو جۆره‌كانی قارچک شیاوی خواردن نین.
 
هەرچەندە لە دەرەوەی تاقیگەکان و تەنیا بە توانای چاو ئەستەمە ژەهراویبوون یان تەندروستیی قارچکێک بزانرێت، بەڵام دەگوترێت ئه‌وانه‌ی به‌تاک له‌ زه‌ویدا ده‌رده‌كه‌ون، یاخود خاڵدارن و ژێره‌وه‌یان ره‌شه‌، ژه‌هراوین. ئه‌وانه‌شی شیاوی خواردنن ره‌نگ سپی و پته‌ون و به‌ كۆمه‌ڵیش دەڕوێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە