رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی شەقڵاوە - هەریر، تەرمی دوو کەس دۆزراونەتەوە کە تائێستا هۆکاری گیانلەدەستدان و ناسنامەیان دیار نییە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، تەرمەکان شێواون و تەنیا ئەوەندە پشتڕاستکراوەتەوە کە یەکێکیان ئافرەت بووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 27-12-2023)، تەرمی دوو کەس لە گوندی چنێران لەسەر رێگەی شەقڵاوە - هەریر دۆزرانەوە کە دوای ئەوەی گەییێندراونەتە نەخۆشخانەی شەقڵاوە، گواستراونەتەوە بۆ داپزیشکیی هەولێر بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانیان بکرێت.
پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبەردەم دادپزیشکیی هەولێر گوتی ''تەرمەکان هیچ ناسنامەیەکیان لەگەڵدا نەبووە، بە تەواویش شێواون و ناناسرێنەوە، تەنیا ئەوەندە دەرکەوتووە کە یەکێکیان ئافرەت بووە و تەرمەکەی دیکەش هێشتا یەکلایی نەبووەتە ئافرەتە یان پیاوە.''
تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ روونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکار و چۆنیێتیی کوژران یان گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتییەکە نەداوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
شایەتحاڵان دەڵێن، ''هیچ ئاسەوارێکی گولـلە بەسەر جەستەیانەوە دیار نییە، بەڵام پێدەچێت ماوەیەکی زۆر بێت گیانیان لەدەست دابێت، چونکە رووخسارییان بە تەواوی شێواوە و ناناسرێنەوە.''
بەگوێرەی داتاکانی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 183 رووداوی کوشتنی بە ئەنقەست، 32 رووداوی کوشتنی بە هەڵە و 240 رووداوی خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ