رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان "نیگەران"ـە و داوای "وەستاندنی دەستبەجێی تووندوتیژییەکان" دەکات.
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 27-12-2023، لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، بە ئیمەیل وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن داوەتەوە.
وەکو گوتەبێژەکە دەڵێت، "ئێمە بە هێرشەکانی ئەمدواییەی باکووری سووریا نیگەرانبووین کە بەهۆیانەوە مەدەنییەکان بریندارکران و کوژران، هەروەها هێرشکرایە سەر ژێرخانە مەدەنییەکان."
لە ماوەی ئەم سێ رۆژەدا ژمارەی هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان زیاتر بووە. بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، لەو هێرشانەدا هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و 18ـی دیکەش بریندارن کە زۆربەیان سڤیلن.
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی بە رووداو گوت، "داوای وەستاندنی دەستبەجێی تووندوتیژییەکان و رێزگرتن لە هێڵە دامەزراوەکانی ئاگربەست دەکەین."
شەوی رابردوو، تورکیا ناوەندێکی بارەگای ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) و ماڵی کەسێکی سڤیلی لە دربەسیێی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومان کرد.
تورکیا سێ جار لەڕێی ئۆپەراسیۆنەوە و بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی چووەتە نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا. ئابی 2016 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی ئەلباب، راعی و عەززاز سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵکردن. تورکیا باسی لەوەکرد کە ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کردووە.
هەروەها رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2018، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی چڵەزەیتوون لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ماوەی 58 رۆژ بەرگرییان لە خاکی عەفرین کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی گرووپێک لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستی بەسەر عەفریندا گرت.
سوپای تورکیا هەروەها رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. ئێستا سەربازانی تورکیا لەو شوێنانەدا جێگیرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ