رووداو دیجیتاڵ
کاردیناڵ لویس روفائیل ساکۆ، پاتریاکی کەنیسەی کلدانی، بەهۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک کۆچبەری کورد، پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کرد.
کاردیناڵ لویس روفائیل ساکۆ، پاتریاکی کەنیسەی کلدانی لە پەیامێکدا، کە ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە، دەڵێت: "بە خەمێکی قووڵ و ئازارێکی زۆرەوە، بەناوی خۆم و کەنیسەی کلدانی، پرسە و سەرەخۆشی لە خۆتان و کەسوکاری ئەو 16 کۆچبەرە کوردە دەکەم، کە لەکاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە لە کەناڵی مانشی ئینلگیزدا، خنکان".
هەروەها لویس ساکۆ سەرەخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەسوکاری قوربانیانی لافاوە وێرانکەرەکەی هەولێر و دەوروبەری کردووە و دەڵێت: "نوێژ و نزاش لە خوا دەکەین بیانخاتە بەر دلۆڤانی فراوانی خۆی و ئاسودەیی هەمیشەییان پێ ببەخشێت".
کاردیناڵ لویس روفائیل ساکۆ، دەڵێ، دەمەوێت وەک دەرفەتێک سوود لە سەروبەندی کۆتاییەکانی ئەمساڵە وەربگرم، بەوەی هیوادارین فەخامەتتان لە ساڵی نوێ دا تەندروست و سەلامەت بن، لەگەڵ نزای بەردەواممان بۆ ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە نیعمەتی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریدابن.
رۆژی 24-11-2021 بەلەمێکی کۆچبەران بە 31 سەرنشینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز نقووم بوو، پۆلیسی فەرەنسا تەرمی 27 کۆچبەری نێو بەلەمەکەی دۆزییەوە. بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 26-12-2021 تەرمی 16 لەو کۆچبەرانە هێنرانەوە هەرێمی کوردستان.
هەروەها رۆژی 17-12-2021 بەهۆی بارانی بەخوڕ، لە چەند ناوچەیەکی هەولێر لافاو دروستبوو، بەو هۆیەوە 12 کەس گیانیان لەدەستدا، کە تەرمی دوو کەسیان تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ