پەروەردەی سلێمانی: کۆمەڵێک قوتابخانە دەستیان بە خوێندن کردووەتەوە

27-11-2023
پەیمان محەممەد
ئارێز خالید، پێشکێشکاری رووداو و عومەر محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی.
ئارێز خالید، پێشکێشکاری رووداو و عومەر محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، ئەمڕۆ بایکۆت لە کۆمەڵێک قوتابخانە شکاوە و دەست بە خوێندن کراوەتەوە. گوتیشی، ''بۆ قەرەبووکردنەوەی پڕۆسەی خوێندنی ئەم ساڵ، ئەگەری زۆرە پڕۆگرامی خوێندن کەم بکرێتەوە.''
 
رۆژی دووشەممە، 27-11-2023، عومەر محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگاکە کۆمەڵێک قوتابخانە دەستیان بە خوێندن کردووەتەوە و داوا لە سەرجەم مامۆستایانی ناڕازی دەکەین بگەڕێنەوە قوتابخانەکان.''
 
زیاتر لە 70 رۆژە بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان و پەروەردەی قەزای کۆیە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، بەگوێرەی راگەیێندراوی رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023ی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی، دەبووایە ئەمڕۆ دەرگەی سەرجەم قوتابخانەکانی سنوورەکە بکرێتەوە، عومەر محەمەد گوتی، لە راگەیێندراوەکەدا سەرەڕای ئەوەی پشتگیریی مامۆستایانی ناڕازییان کردووە، تەنیا داوایان لێکردوون بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە سۆشیاڵمیدیا دەنگۆیەک هەیە کە گوایە مامۆستایان لە ئەنجامی نەچوونەوە بۆ قوتابخانە خوێندن سزا دەدرێن. جێگری بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رەتیدەکاتەوە هیچ شتێکی دیکە لە نێو راگەیێندراوەکە و هەڵوێستی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەدا هەبووبێت، بەڵکو بەردەوام پاڵپشتیی داواکاریییەکانی مامۆستایانی ناڕازییان کردووە.
 
عومەر محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا بڕیار لەوە نەدراوە لەگەڵ لێکەوتەکانی بایکۆتکردن و دواکەوتنی وانەکان چۆن مامەڵە بکرێت، ''بەڵام وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە خەمی مامۆستایان و خوێندکاران دان، بۆیە بەرنامەیەکی زۆر باش دانراوە کە لە خزمەتی قوتابیاندایە و چاوەڕوان دەکرێت لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی سەرجەم قوتابخانەکانەوە لە 10 رۆژدا پڕۆسەکە رابگەیێندرێت.''
 
بەگوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ''بە ئەگەرێکی زۆر، وەکو رێکار بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم ساڵی خوێندن لەو ناوچانە، پرۆگرامی خوێندن کەم بکرێتەوە یان [بە ئەگەرێکی کەمتر] کاتی دەوام زیاد بکرێت.''
 
هاوکات هونەر حەمید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە گەرمیان لەبارەی پڕۆسەی خوێندن لەو ناوچەیە ئەمڕۆ دووشەممە گوتی، ''لە بەشێک لە قوتابخانەکان خوێدن دەستیپێکردووەتەوە. زۆربەی ئەو قوتابخانانەش کە دەرگەیان نەکراوەتەوە لە سنووری گوندەکانن کە زۆرینەیان مامۆستایانی وانەبێژ وانەیان تێدا دەڵێنەوە."
 
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن بریتییە لە پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان، دەوامیان نەکردووە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک ئاژەڵ لەسەر رێگەی هەولێر-کەرکووک

بازاڕی ئاژەڵفرۆشانی سەر شەقام و سەربڕینی نایاسایی مەترسیی تای خوێنبەربوونی زیادکردووە

لەسەر رێگەی هەولێر-کەرکووک، سەرەڕای قەدەخەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ بەهۆی مەترسییەکانی تای خوێنبەربوونەوە، هێشتا بازاڕی ئاژەڵفرۆشان گەرمە. ئەمەش لەکاتێکدایە پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە نەبوونی کوشتارگەی ستاندارد و کەمیی پزیشکی ڤێتێرنەری لە هەرێمی کوردستان.