رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی گەرمیان دەڵێت، ئەمڕۆ بە فەرمی کەمپی قۆرەتووی گەرمیان داخراوە و دەشڵێت، زیاتر لە 30 هەزار ئاوارە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
رۆژی دووشەممە 26-11-2023، بێستوون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی گەرمیان بە هونەر حەمید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئەمڕۆ بە فەرمی لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان کەمپی قۆرەتوومان داخست.''
پێشتر 650 خێزان نیشتەجێی کەمپی قۆرەتوو بوون، بێستوون ژاڵەیی لەوبارەوە گوتی، ئەم 650 خێزانە ئاوارەکانی پارێزگای دیالە، سەڵاحەدین، ئەنبار و بابل بوون کە بەشێکیان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و بەشێکی دیکەشیان چوونەتە کەمپی تازەدێی کەلار.
ئەوانەی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئاوارەی دوو ناوچەی شارەبان و سەعدیەی سەر بە پارێزگای دیالە و جورف سەخری سەر بە پارێزگای بابلن کە گوندەکانیان بە تەواوی رووخێندراون یان کراونەتە شوێنی سەربازی. بەگوتەی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی گەرمیان، ''ئاوارەکانی جورف سەخر بە شوێنە جیاجیاکانی ئیدارەی گەرمیاندا بڵاوەیان پێ کراوە و هەرچی ئاوارەی دیالەشە [شارەبان و سەعدیە] رۆیشتوونەتەوە ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکەیان و بەشێکیشیان چوونەتە کەمپی تازەدێی کەلار.''
سەرەڕای ئەوەی لە کەمپی تازەدێی کەلار کەمتر لە هەزار ئاوارە نیشتەجێن، بێستوون ژاڵەیی گوتی، بەپێی داتاکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی زیاتر لە 30 هەزار ئاوارە لە شوێنە جیاجیاکانی سنووری ئیدارەی گەرمیاندا دەژین، واتە کەمتر لە 5%ـی ئەو ئاوارانە لە کەمپەکاندا دەمێننەوە.
داخرانی کەمپی قۆرەتووی گەرمیان دوای ئەوە هات رۆژی پێنجشەممە 16-11-2023، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڵاویکردەوە، کەمپی قۆرەتوویان لە پارێزگای سلێمانی داخستووە و ئەوەش بووەتە یەکەم کەمپ لە هەرێمی کوردستان لە 2014ەوە دابخرێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن؛ 490 هەزاریان لە دەرەوەی کەمپەکان و زیاتر لە 174 هەزاریش لە 25 کەمپ نیشتەجێن. ئەو ئاوارانە بەهۆی شەڕی داعشەوە زێدی خۆیان جێهێشت و تائێستاش بە هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ