دادوەر پەلەی کرد لە بڕیاردان، لە ئەنجامدا چوار کەس کوژران

27-11-2023
عەبدولباست فەرهادی
نیشانەکردن چیرۆکەکانی دادگە
A+ A-
رووداو رادیۆ
داڕشتنەوە: ژیار حەکیم

تۆمەتبارەکە دەوڵەمەند بوو، دوای چەند رۆژێک مانەوە لە زیندان بە دەستەبەری (کەفالەت) ئازادکرا. لایەنی سکاڵاکار کە زانییان تۆمەتبارەکە ئازادکراوە، بڕیاریان دا خۆیان تۆڵە بکەنەوە، چەک و فیشەکیان کڕی و خۆیان بەست. هێرشیان کردە سەر ماڵەکە و لە ئەنجامدا چوار کەس کوژران و دووی دیکەیش برینداربوون.
 
ئەو دوو خێزانەی شەڕەکەیان کرد، خزم و کەسوکاری یەکدی بوون، لە یەک خوێن بوون، بەڵام هەندێکجار کە ناخۆشی دەکەوێتە نێوان دوو خێزان، ئیدی هیچ شتێک ناخوێننەوە. دوو خێزانەکە لە گوند پێکەوە بوون و دوای وێرانکردنی گوندەکان لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، هەردوولا لە هەولێر لە نزیک یەکدی خانوویان گرت و بوونە دراوسێ. 
 
لایەنی یەکەم کە هاتنە شار، هەر زوو خۆیان لەگەڵ دۆخەکە گونجاند و منداڵەکانیان ناردە قوتابخانە و کەسانی خوێندەواریان لێدەرچوو. لایەنی دووەم بەپێچەوانەوە، ئەوەی بیریان لێنەدەکردەوە خوێندن بوو. هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو بە رێگەیەکی کورت و خێرا دەوڵەمەند بن، ئیدی ئەگەر رێگەکە نایاسایی و تاڵانکردنیش بێ.
 
دوای هێرشی عێراق بۆ سەر کوێت لە ساڵی 1990، لایەنی دووەم ئەوەیان بە هەل زانی و چوونە کوێت بۆ تاڵانی، هەرچییان دەستکەوت هێنایانەوە و فرۆشتیان. گەیشتن بە خەونەکەیان، چونکە لە ماوەیەکی کەمدا دەوڵەمەند بوون و بە حیسابی خۆیان نەدەزانی.
 
دوای ئەوەی دەوڵەمەند بوون، ئیدی دەستیان کرد بە پۆزلێدان و خۆدەرخستن. رۆژێک یەکێک لە کوڕەکانی لایەنی دووەم بە ئۆتۆمبێل بەلای کوڕێکی لایەنی یەکەم تێپەڕی و هەرچی قوڕ لەسەر شەقامەکە بوو کردی بەسەریدا. کوڕەکەی دیکەش دەستی کرد بە جنێودان و سووکایەتیکردن.
 
کوڕە دەوڵەمەندەکە، دابەزی و بە دەرنەفیز کەوتە گیانی کوڕەکە و برینداری کرد.
 
لایەنی یەکەم سەرەتا ژیرانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا کرد، پەنایان بۆ دادگە برد و سکاڵایان لەسەری تۆمارکرد. کوڕە دەوڵەمەندەکە دەستگیرکرا و چاوەڕێی سزادان بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی سزاکەی نەدەگەیشتە ئاستی لەسێدارەدان، بۆیە دەیانتوانی بە دەستەبەری (کەفالەت) ئازاد بکرێت.
 
دوای چەند رۆژێک، داوایان لە دادوەری لێکۆڵینەوە کرد و دادوەریش بە کەفالەت ئازادی کرد. کاتێک هەواڵەکە گەیشتە گوێی لایەنی یەکەم، هەستیان بە بێئومێدی کرد لە دادگە، ئەوانیش چەند کوڕێکیان هەبوو، بەشێک لە خزمەکانیش زیاتر بەنزینیان بە ئاگرەکەدا دەکرد و هانیان دەدان بۆ تۆڵەکردنەوە.
 
لایەنی یەکەم لە یاسا شارەزا نەبوون، وایاندەزانی تۆمەتبارەکە بەتەواوی ئازادکراوە و مافی ئەوان خوراوە. هەندێک لە خزمەکانیشیان دەیانگوت، "ئەوان پارەیان هەیە، کەس ناتوانێت دەستگیریان بکات، دەبێت خۆتان مافەکەتان وەرگرنەوە."
 
لایەنی یەکەم چەک و فیشەکیان کڕی و ئێوارەیەک هەڵیانکوتایە سەر ماڵی لایەنی دووەم و لە ئەنجامدا شەڕێکی قورس دروستبوو. سێ کەس لە لایەنێکیان کوژران، لایەنەکەی دیکەش کەسێکیان کوژراو دوو کەسی دیکەیشیان بریندار بوون.
 
ئەو شەڕە لە ئەنجامی بڕیاری دادوەرەکە بوو کە تۆمەتبارەکەی ئازاد کرد. دەبوو دادوەرەکە خوێندنەوەی بۆ دۆخەکە بکردایە و بیزانیایە ئەگەر تۆمەتبارەکە ئازاد بکات، رەنگە شەڕ هەڵگیرسێ. واتە بڕیارێکی پەلەی دادوەر، بووە هۆی دروستبوونی شەڕێکی گەورە و کوژرانی چوار کەس. هەندێکجار پەلەکردن لە بڕیاردان ئەنجامێکی دەبێت کە هەرگیز پێشبینی ناکرێت.
 
* عەبدولباست فەرهادی، دادوەری خانەنشین، کە ماوەی 40 ساڵ لە هەرێمی کوردستان دادوەر بووە، لە پۆدکاستی "چیرۆکەکانی دادگە" ئەو رووداوەی گێڕایەوە کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لە هەولێر روویداوە. بەمەبەستی پاراستنی ناسنامەی کەسەکان، خێزانەکان بە لایەنی یەکەم و لایەنی دووەم ناوهێنراون.

 

تەواوی پۆدکاستەکە:

پەلەکردنی دادوەرێک بووە هۆی کوژرانی چوار کەس

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە