رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بەردەوامە و داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکات پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری خەرج بکات.
رەمەک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە. سەرچاوەی ئاوەکە پاککراوەتەوە، بابەتە جیۆلۆجی و تەکنیکییەکانی تەواوکراون و ئاراستەی بۆرییەکان دیاریکراوە."
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، لە پڕۆژەکەدا سێ حەوزی گەورەی ئاو لە شوێنی جیاواز دروست دەکرێن و بەشێکی کارەکانیان تەواو کراوە، ئەوانیش حەوزێکی 15 هەزار مەتر سێجایی، حەوزێکی پێنج هەزار مەتر سێجایی و حەزێکی هەزار مەتر سێجایی.
لەبارەی خەرجکردنی پارە بۆ پڕۆژەکە، رەمک رەمەزان گوتی، "کێشەی پێدانی سولفە هەیە. داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەم بە هاوکاری وەزیرانی شارەوانی، دارایی و پلاندانان هەرچۆنێک بێت سولفەی ئەم پڕۆژەیە رانەگیرێت، چونکە پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی هاونیشتمانیانەوە هەیە."
حوزەیرانی ئەم ساڵ بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
زیاتر لە 10 ساڵە قەزای چەمچەماڵ و بەشێک لە ناحیەکانی کێشەی کەمیی ئاویان هەیە و چاوەڕوان دەکرێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کێشەکە چارەسەر بێت.
پڕۆژەکە 26ـی حوزەیران نووسراوی کارکردنی بۆ کراوە و لە 30ـی حوزەیرانەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە و بڕیارە 26-06-2026 تەواو بێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەم ساڵیش لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما کێشەی کەمیی ئاو لە سنووری چەمچەماڵ دروستبوو و 10 بۆ 12 رۆژ جارێک ئاو دەدرایە ماڵان.
چەند جارێکی دیکە بڕیاری خەرجکردنی پارە بۆ پڕۆژەکە دراوە و جێبەجێ نەکراوە.
سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە بۆ ئاوی پێویست لە 24 کاژێردا 60 هەزار مەتر سێجا ئاویان پێویستە و ئێستا کەمتر لە نیوەیان پێدەگات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ