رووداو دیجیتاڵ
سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر دەڵێت، دوای هەوڵ و بەدواداچوونیان و رەزامەندیی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، 20 زیندانیکراوی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان ئازاد کران. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێت، 13یان حوکم درابوون.
لە راگەیێندراوێکدا نەسروڵڵا رەشنوودی، سەرکۆنسووڵی ئێران رایگەیاند، "بە پشتیوانیی خودا و بەدواداچوون و هەوڵی بەردەوام، بەرپرسانی بەڕێزی هەرێمی کوردستانی عێراق رەزامەندییان لەسەر لێخۆشبوون و ئازادکردنی 20 کەس لە زیندانییانی ئێرانی لە زیندانەکانیاندا دەربڕی."
رەشنوودی دەڵێت، دوای رێکارە کارگێڕییەکان، ئازادکراوەکان دەگەڕێننەوە ئێران؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "دەستخۆشی لەو کارە مرۆڤدۆستانەی بەڕێز سەرۆکی هەرێم{ـی کوردستان}، بەڕێزان سەرۆکوەزیران و وەزیری بەڕێزی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەم کە لەوبارەوە هەوڵی پێویستیان دا."
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "13 کەس لەوانە لە چاکسازییەکاندا بوون و حوکمدرا بوون؛ پێشتر 3 کەسیان بەر لێبووردنی تایبەت کەوتبوون و ئازادکران و هەفتەی رابردووش 10 کەسەکەی دیکە بە فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ئازاد کراون."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسانەی لە چاکسازییەکاندا حوکمدرابوون بە تۆمەتی هۆشبەر سزادراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ