رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، 176 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان هەن. پسپۆڕان دەڵێن، پاشماوە و دووکەڵی ئەو پاڵاوگانە زیان بە تەندروستیی مرۆڤ و ژینگەش دەگەیێنن.
رۆژی شەممە،27-07-2024 بەرپرسێکی ئاگادار لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 120 پاڵاوگەی نایاسایی هەن و کار دەکەن".
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە دهۆکیش نزیکەی 30 پاڵاوگە هەن، لەکاتێکدا تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو ژمارەکەیان زیاتر بوو. عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک کە بەهۆی بڕیارێکی دادگەی فیدراڵیی عێراقەوە کارەکانیان راگیراوە، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "سەرەتای ئەم ساڵ 40 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری دهۆک هەبوون، بەڵام ئێستا کەمتر بوونەتەوە".
لە سلێمانی 26 پاڵاوگەی نایاسایی تۆمارکراون. کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنیی پارێزگای سلێمانی کە ئەوانیش بەهەمان بڕیار کارەکانیان راگیراوە بە رووداوی گوت، "بەدواداچوونمان کردووە و لەو ژمارە پاڵاوگە نایاساییە 24یان ناو و خاوەنیان دیارە و دووانەکەی دیکە دیار نییە".
کەریم عەلی گوتی، ئەو پاڵاوگانە زۆرینەیان گازوایلی خراپ بەرهەم دەهێنن و دەیفرۆشنەوە موەلیدەی گەڕەکەکان؛ گوتیشی، "کارەبای موەلیدە نەمێنێت، هەموو ئەو پاڵاوگانە دادەخرێن".
زیانی پاڵاوگە بێ مۆڵەتەکان
هەر ئەمڕۆ شەممە 27-07-2024، د.عەبدولموتەلیب رەفعەت، پسپۆڕی ژینگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پاڵاوگە نەوتییەکان چ یاسایی بن یان نایاسایی، کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ هەیە. کێشەکانی ژینگە قووڵتر بوونەتەوە، ئەوەش بە هۆی ئەو هەموو پاڵاوگانەی لە هەرێمی کوردستان هەن و بەشێوەی نازانستی کار دەکەن".
ئەو پسپۆڕەی ژینگە دەڵێت، "پاڵاوگەکان سەرچاوەی سەرەکی دووکەڵ، خۆڵەمێش و چەندین گازی زیانبەخشی وەک یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆکسیدی نایرۆجین، ئۆکسیدی گۆکرد، میسان، ئۆزۆنی زەوی (ئۆزۆنی خراپ) و هایدرۆکاربۆنەکان، هەروەها چەندین مادەی قورس بە شێوەی گاز وەکو جیوە، قورقۆشم، نیکڵ، زرنیخ، کادمیۆم؛ هەموو ئەو مادانەش کاریگەری راستەوخۆیان لە سەر ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ هەیە".
بەشێکی ئەو گازانەی بەهۆی پاڵاوگەکانی سووتەمەنییەوە دروست دەبن بە هۆکاری سەرەکی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دادەنرێن. عەبدولموتەلیب رەفعەت دەڵێت، "هۆکار ئەوەیە زۆرینەی پاڵاوگەکان مەرجە زانستی، ژینگەیی و تەندروستییەکان پەیڕەوناکەن".
ئەو گازانەی پاڵاوگەکان دەریان دەدەن راستەوخۆ تێکەڵی هەوا دەبن. ئەو پسپۆڕەی ژینگە دەڵێت، "بەهۆی ئەو گازانەوە گەردیلە هەڵواسراوەکانی وەک (PM2.5) و(PM10) لە بەرگی هەوا زیاد دەکەن، بە تەواوی پێکهاتەی هەوا دەگۆڕن، کواڵێتییەکەی تێکدەدەن و رێژەی گازە زیانبەخشەکان لە هەوادا بەرز دەکەنەوە بۆ ئاستێکی مەترسیدار".
د.عەبدولموتەلیب رەفعەت ئاماژە بە زیانێکی دیکەی پاڵاوگەکانی سووتەمەنی دەکات و دەڵێت، "مادە رەقەکانی پاشماوەی پاڵاوگە نەوتییەکان دەنیشنە سەر بەروبوومەکان بە گشتی و کشتوکاڵ بەتایبەت، ئەوەش دواتر کارەساتی تەندروستی لێ دەکەوێتەوە؛ هەروەها تێکەڵ بە خاک دەبن و بە تەواوی پێکهاتەی خاکەکە دەگۆڕن؛ هاوکات لەگەڵ تێکەڵبوونیان لەگەڵ ئاوی سەرزەوی یان باران و تێکەڵبوونیان بە ئاوی ژێر زەوی، کواڵیتی ئاو تێکدەدەن و بە ئاسانی هەموو ئەو مادە زیانبەخشانە دەچنە نێو زنجیرە خۆراکییەکانەوە کە ئەوەش هۆکاری زیاترە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکان، بە تایبەتی شێرپەنجە.".
لەبارەی تەندروستی ئەو گازانە و پاشماوەی پاڵاوگەکان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و زیندەوەر بەگشتی، دکتۆر کارزان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەموو قۆناخەکانی پێکهێنانی نەوت و پێکهاتەکانیدا تاوەکو سووتانیان، ئەگەر بە ستانداردی نێودەوڵەتی نەبێت، هەندێک مادەی ژەهراوی دەچێتە نێو ژینگە، ئەوەش کاریگەری لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و باڵندەکانی ئەو سنوورانە دەبێت لەو ناوچانە دەژین ئەو پاڵاوگانەی تێدایە".
یەکێک لە کاریگەری دەردانی گاز و مادە زیانبەخشەکانی دیکەی پاڵاوگەکانی سووتەمەنی کاریگەریکردنە لەسەر لەسەر رێڕەوی خۆراک و هەرسی مرۆڤ، ئەویش کاتێک لە رێگەی تێکەڵبوونی مادەکانەوە بە ئاو یان خاک دەگەنە جەستەی کەسەکە. دکتۆر کارزان دەڵێت، "کە ئاو یان خاک بەو پێکهاتانە پیس بوو، کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسە دەبێت، ئینجا هەستەوەری بۆرییەکانی هەوا بێت یان تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان".
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پاشماوانە "رەنگە ببنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەکانی خوێن، لوکیمیا و لیمفۆما".
دکتۆر کارزان عەبدوڵڵا گوتی، "لە سەردەمی نوێدا و بە تایبەت لەو وڵاتانەی پیسبوونی ژینگە و بەرگەهەوا بەرزە، تێبینی کراوە کە جەڵتەکانی دڵ و مێشک و رەقبوونی دەمارەکان زیاترە بەراورد بەو ناوچانەی کە بەرگە هەوا و ژینگەیان خاوێنترە. هەمان تێبینی بۆ زوو پیربوون لەو ناوچانەی ژینگە و بەرگەهەوایان پیسە دەکرێت".
بە گوێرەی یاسا بەرکارەکانی عێراق، سووتاندنی هەموو جۆرەکانی گاز دەبێت لە 6 میل لە ناوچەی نیشتەجێبوون دوور بێت؛ هەروەها نابێت پاشماوەی کارگەکان ژێرخاک بکرێت. عەبدولموتەلیب رەفعەت گوتی، "لە هەمووی مەترسیدارتر پێشێلکردنی دروستکردنی پاڵاوگەکان و دروستکردنیانە لەنێو زەوییە کشتوکاڵییەکاندا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ