رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەی سنووریی باشماخی سنە، دەست بەسەر 90 تۆن مریشکی بەستووی بەرازیلی دا گیرا. بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگاکە دەڵێت، بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 69 هەزار دۆلار.
رۆژی شەممە 27-07-2024، فەرامەرز ئومێدی، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە دەروازەی سنووریی باشماخ، دەست بەسەر 90 تۆن مریشکی بەستووی بەرازیلی دا گیرا کە هەوڵدەدرا بە قاچاخ هەناردەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
فەرامەرز ئومێدی گوتی، ئاگادارکراونەتەوە لە رێگەی چوار بارهەڵگری بەڕادەوە، هەوڵی هەناردەکردنی 90 تۆن مریشکی بەرازیلی دەدرێت کە بۆ رێكخستنەوەی بازاڕی ئێران و پێداویستیی نێوخۆ هاوردە کراون؛ دوای بەدواداچوون و وردەکاریی زۆر لەسەر بابەتەکە، دەستیان بەسەردا گیرا.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گومرگی ئێران، مریشکە بەستووە بەرازیلییەکان لەنێوان مریشکی بەستووی ئێرانیدا شاردرابوونەوە و، ''مەبەستیان بوو وەک کاڵای قاچاخ، لە رێگەی دەروازەکانەوە هەناردە بکەن، بەڵام رێگرییان لێکرا.''
بەهای مریشکە بەستووەکان دەگاتە نزیکەی 69 هەزار دۆلار. فەرامەرز ئومێدی ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەست بە دۆسیەکە، نۆ کەس دەستگیرکراون و رادەستی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە کراون.
دەروازەی سنووریی باشماخ دەکەوێتە نێوان قەزای پێنجوێنی پارێزگای سلێمانی و شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە خاڵێکی سنووری گرنگە لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ