رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی بەرەڵاکردن و بردنیان بۆ نێوشار، شاروانیی هەڵەبجە دەستیگرت بەسەر 100 سەر مانگا دا. سەرۆکی شارەوانی دەڵێت، سزای مادیی خاوەنەکانیان دەدەن.
مانگاکان ئەمڕۆ (شەممە، 27-7-2024) دەستبەسەر کراون. سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "هەبوونی ئاژەڵ لەنێو شاردا جیا لەوەی نایاساییە و دیمەنێکی ناشیرین دەداتە شار، مایەی بێزاریی خەڵکیشە."
پێشتر شارەوانیی هەڵەبجە هۆشداری بە خەڵک داوە ئاژەڵ نەبەنە نێو شارەوە. "ئێمە درەخت و دار دەڕوێنین و ئاژەڵەکان دەیخۆن و لەنێوی دەبەن."
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە گوتی "من، مافی گشتیم لاگرنگترە لە کەسێک. بێگومان هەبوونی ئاژەڵ زۆر گرنگە و سامانێکی نیشتمانییە، بەڵام نابێت ببێتە هۆکاری بێزاکردنی خەڵک و ناشیرینکردنی شار."
سەلام بیلال داوای لە خاوەنی ئەو ئاژەڵانە کرد، ئەمشەو خۆیان سەردانی شارەوانی بکەن و ئالیک و ئاو بدەنە ئاژەڵەکانیان. گوتیشی، "سبەی سەردانی شارەوانی بکەن و بۆ وەرگرتنەوەی ئاژەڵەکانیان، بەڵام بە دڵنیایی سزای مادی دەدرێن."
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، "دوای گلەیی و گازەندەی زۆری هاووڵاتیان و بێزاربوونیان بەهۆی بوونی ئاژەڵی بەرەڵڵا لەنێو کۆڵان و شەقامە گشتییەکاندا، هەروەها زیانگەیاندن بە دار و درەختی باخچەکان، ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی سەرۆکی شارەوانی، بەشی زێدەڕۆیی بە هاوکاریی بەشی پۆلیسی شارەوانی دەستیگرت بەسەر 100 سەر ئاژەڵی بەرەڵا لە شەقامە سەرەکییەکانی ناوەندی شار."
شارەوانیی هەڵەبجە رایگەیاندووە، بۆ پاکڕاگرتنی شارەکە بەردەوام دەبن لە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵ لە نێو شەقامە گشتییەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ