دەرگەی مزگەوتی گەورەی خورماڵ بەڕووی گەشتیاراندا داخراوە؛ "رێزی لێ ناگرن"

28-07-2023
سازگار سەڵاح
مزگەوتی گەورەی خورماڵ مێژوویەکی دێرینی هەیە.
مزگەوتی گەورەی خورماڵ مێژوویەکی دێرینی هەیە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

مزگەوتی گەورەی گوڵعەنبەر لە خورماڵ سەدان ساڵە بەردەوام دەرگەکانی کراوە بوون، بەڵام ئێستا تەنیا کاتێک دەکرێنەوە کە دەنگی بانگ دەبیسترێت. 
 
رۆژانە خەڵکێکی زۆر لە ژن و پیاو، کچ و کوڕ سەردانی ئەو شوێنە مێژووییەیان دەکرد، هەندێکیشیان ئاواتیان پشوویەک بوو لە کەنار ئاوی سازگار و دیمەنی ماسییەکان، بەڵام ئێستا مامۆستای مزگەوتەکە دەڵێت، جاری وا هەیە گەشتیاران رێز لەو شوێنە پیرۆزە ناگرن.
 
مامۆستا عەبدوڵڵا حەمەموراد، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکە بە رووداوی گوت، "لەسەر راسپاردەی بەندە وەک ئيمام و خەتيب بۆ پاراستنی شکۆی مزگەوت وەک نوێژخوێنان و وەکو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و وەکو ريشسپيیان و پياوماقوڵانی ناوچەکەش، ئەو بڕیارەیان پێ باش بوو کە تەنیا لە کاتی نوێژەکاندا دەرگەی مزگەوت بکرێتەوە و باقی کاتەکانی دی دابخرێت." 
 
ئەو کەسانەی چوونەتە خورماڵ، ئاگاداری بڕیارەکە نین. بەسەر دیواریشدا بێت هەر دەچنە ژوورەوە. ژمارەیەک گەشتیار لە سلێمانييەوە سەردانی مزگەوتەکەیان کردووە، بەڵام دەرگە بۆ ئەوانیش نەکرایەوە. 
 
عەبدوڵڵا محەممەد، گەشتيارە و دەڵێت، "ئەمڕۆ هاتين تەماشامان کرد دەرگەکە داخرابوو، لافيتەيان هەڵواسيوە دەڵێن لەبەر گەشتیارانە، لەبەر ئەوەی دێن رێزی پاک و تەميزیی مزگەوتەکە ناگرن. لەبەر ئەوە دايانخستووە، ئێمەش لە بینینی بێبەش بووين." 
 
لە وەڵامی ئەو نووسراوەی کە مامۆستای مزگەوتەکە و نوێژخوێنان داوای داخستنی دەرگەی مزگەوتی گەورەی خورماڵيان کردووە، بەڕێوبەری ئەوقاف و کاروباری ئايینی لە پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، ئەوان جێبەجێی ناکەن و دەبێت دەرگەی مزگەوت کراوەبێت.
 
ئارام شێخ جمال، بەڕێوەبەری ئەوقاف و کاروباری ئايینییە لە هەڵەبجە و باس لەوە دەکات، "سەبارەت بەو بابەتەی مزگەوتی گەورەی خورماڵ کە تێيدا داوا دەکەن مزگەوتە دابخرێت، ئێمە لەگەڵ مامۆستای مزگەوت قسەمان کردووە و پێمان گوتووە دەرگەی مزگەوت دانەخرێت و رێز و حورمەتی مزگەوت بپارێزن." 
 
مزگەوتی گەورەی خورماڵ مێژوویەکی دێرینی هەیە. دەگوترێت لەسەرەتای هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە دروستکراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".