رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی پۆلیس لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان بەسەر 49 کیلۆگرام تریاکدا گرت و دوو کەسیش دەستگیر کران.
یەحیا ئیلاهی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، لە رێگەی پێلی زاڵ- خورەمئاوای سەر بە پارێزگاکە، تیمەکانی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەستیان بەسەر 49.4 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری تریاکدا گرت.
یەحیا ئیلاهی گوتی، پەیوەست بە دۆسیەکە دەست بەسەر دوو ئۆتۆمبێلدا گیرا و دوو کەسیش دەستگیر کران.
بە گوتەی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە، دەستگیرکراوان رادەستی دادگا کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای لوڕستان کە 08-05-2024 بڵاوکرایەوە، لە 50 رۆژدا دەستیان بەسەر دوو تۆن و 50 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە پارێزگاکەدا گرتووە و 560 کەسیش دەستگیر کراون.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەو ماوەیەدا دەست بەسەر 48 بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی تایبەتدا گیراوە کە مادەی هۆشبەریان تێدا بووە و زۆربەیان لە پارێزگاکانی باشووری ئێرانەوە چوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ