رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمێکدا لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ئەمڕۆ پردی نێوان ئیدارەکە و ناحیەی بنگرد لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەیەوە دەکرێتەوە.
رێوەڕەسمی کردنەوەی پردی دەربەندی رانیە، کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 27ـی ئایار) دەستپێدەکات و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار دەبن.
ئومێد حەمەعەلی، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پردەکە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکان و سنووری ئیدارەکەمان بە ناحیەی بنگردەوە دەبەستێتەوە، کە سەر بە قەزای دووکانە لە پارێزگای سلێمانی."
هەر ئەمڕۆ ئاوارە عەلی حەسەن، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی ئیدارەی راپەڕین بە رووداوی گوت "هەموو کارەکانی پردەکە تەواو کراون. ئەو پردە بەشێوەیەکی جوان دروستکراوە و ئەمڕۆ دەخرێتە خزمەتی هاونیشتمانیان."
درێژی پردەکە 420 مەترە و بە گوژمەی زیاتر لە 12 ملیار و 417 ملیۆن دینار دروستکراوە، لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2020 لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستانەوە بناخەکەی دانرا.
رۆژی 18-11-2020 کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکرد و بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنوورەکە دادەنرێت.
بەرزیی پردی دەربەندی رانیە 21 مەترە. لە دوو ئاراستەی چوون و هاتن پێکهاتووە کە پانیی هەر ئاراستەیەک پێنج مەتر و نیوە، پایەڵەکانی پردەکەش 12 مەتر لەژێر زەوییەوەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ