وەبەرهێنانی دهۆک: مۆڵەتمان بە 202 پڕۆژەی وەبەرهێنان داوە

27-05-2024
پەیمان محەممەد
دیمەنێکی شاری دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیمەنێکی شاری دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک دەڵێت: لە ساڵی 2007ـوە مۆڵەتیان بە 202 پڕۆژە لە کەرتی جیاجیا داوە. گوتیشی، پڕۆژەیەکی بەخێوکردنی مانگا و کارگەی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی سنووری پارێزگاکە، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکەمە.
 
رۆژی دووشەممە، 27-05-2024، هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هەوار جەلالەدین، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو کە لە نیڤرۆژ پێشکێشکرا، رایگەیاند، ''کەرتی تایبەت رۆڵێکی گرنگی لە ئاوەدانکردنەوە و پتەوکردنی ژێرخانی ئابووریی پارێزگای دهۆکدا هەبووە''.
 
هەڤاڵ سدیق گوتی: ژمارەیەکی زۆر پڕۆژە لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە لە پارێزگای دهۆک دروستکراون، ''تاوەکو ئێستا توانیومانە مۆڵەت بە 202 پڕۆژە لە سێکتەرەکانی نیشتەجێبوون، بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاری بدەین .''
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک لە ساڵی 2007ـدا و دوای دەرچوونی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2006 (یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان) دامەزرا. ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوە کرد، ''ماوەیەکی زۆر گرنگیمان بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون دا، چونکە لە پارێزگای دهۆک قەیرانی یەکەی نیشتەجێبوون هەبوو. مۆڵەتمان پێدان و دروستکران، دواتر خەڵک لە رێگەی قیستی درێژخایەنەوە و بە نرخێکی گونجاو، بوو بە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوونی خۆی''.
 
وەک هەڤاڵ سدیق گوتی، لە پلانی ساڵی 2024 و 2025ـیاندا، زیاتر گرنگی بە وەبەرهێنان لە سێ کەرتی کشتوکاڵ، گەشتیاری و پیشەسازی دەدەن بۆ ئەوەوی لەو رێگەیەوە هەلیکار بۆ دەرچووانی زانکۆکان دابین بکەن و ئاسایشی خۆراکیش باشتر بپارێزرێت.
 
ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەشی خستەڕوو، دوو لە پڕۆژە هەرە گرنگەکانی دهۆک بریتین لە ناوچەیەکی پیشەسازی کە لەسەر هەزار دۆنم زەوی دروستکراوە و تایبەتە بە پیشەسازیی خۆراک؛ ''نزیکەی 220 کارگەی جۆراوجۆری خۆراک لەخۆدەگرێت و 300 کۆگەی بۆ پاراستنی بەرهەمی جووتیارانی تێدایە.''
 
بەگوتەی هەڤاڵ سدیق، ئەم پڕۆژەیە تەواوکراوە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی پێگەیشتووە، ''ئێستا لەسەر ئەوە کار دەکەین کە مۆڵەت بە کارگە و کۆگەکان بدەین تاوەکو دەستپێبکەن.''
 
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە لەبارەی پڕۆژەکەی دیکەوە گوتی، ''پڕۆژەی بەخێوکردنی مانگا و کارگەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنییە کە لە ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکەمە و تەکنۆلۆژییایەکی هەرە پێشکەوتووی تێدا بەکارهاتووە''. 
 
بەردی بناخەی پڕۆژەکە، حوزەیرانی ساڵی 2022 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لە سنووری قەزای سێمێلی پارێزگاکە داندرا، وەک هەڤاڵ سدیق دەڵێت، ''75٪ی پڕۆژەکە تەواو بووە و بە زووترین کات 100٪ تەواودەکرێت و دەکەوێتە کار، ئەو کات هەلیکار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێنێت.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە