کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک: ئەم ساڵ 500 خێزانی ئاوارەی ئێزدی گەڕاونەتەوە شنگال

27-05-2024
پەیمان محەممەد
کەمپی شاریا لە سنووری پارێزگای دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
کەمپی شاریا لە سنووری پارێزگای دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێت: زیاتر لە 25 هەزار خێزان لە کامپی ئاوارەکاندا ماون کە زیاتر لە 92٪ـیان کوردی ئێزدین. گوتیشی: "37 هەزار و 800 خێزانی ئاوارەش لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین."
 
رۆژی دووشەممە، 27-05-2024، پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیڤرۆژدا کە هەوار جەلالەدین پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی ئاوارەکانەوە بە رووداوی گوت: ''20 کەمپی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەن کە 15ـیان تایبەتن بە ئاوارەی نێوخۆیی و 5ـیان تایبەتن بە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان.
 
پیردەیان پیر جەعفەر گوتی، ''زیاتر لە 92٪ـی ئاوەرکان خەڵکی شنگالن و پڕۆسەی گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەیان بەردەوامە و نەوەستاوە؛ هەر کاتێک بیانەوێت، ئێمە یەکسەر رەزامەندی دەدەین و نووسراوێک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەکەین کە ئاسانکاریان بۆ بکات و  نووسراوێکیش بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی دەنێرین بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 500 خێزان گەڕاونەتەوە شنگال و پڕۆسەی گەڕانەوەش بەردەوامە.
 
پیر دەیان پیر جەعفەر ئاماژەی بەوە کرد، لە 15 کامپی سنووری دهۆک و زاخۆ، 25 هەزار و 600 خێزان دەژین، هەروەها لە دەرەوەی کامپەکانیش، 37 هەزار و 800 خێزان هەن، ''بەڵام بەداخەوە هاوکاریی رێکخراوە خێرخوازییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و ماوەی ساڵێک و شەش مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی دابینکردنی سێکتەرەکانی کارەبا، ئاو، پەروەردە و تەندروستیی کامپەکانی گرتووەتەوە ئەستۆ.''
 
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی، دەبێ تاوەکو 30-07-2024، سەرجەم کامپەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکرێن و ئاوارەکان دوای وەرگرتنی قەرەبوو بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەمەش ناڕەزایەتیی ئاوارەکانی شنگالی لێکەوتووەتەوە.
 
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی بۆ قەرەبووی هەر خێزانێک کە دەگەڕێتەوە شنگال، چوار ملیۆن دیناری تەرخان کردووە. ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، ''زیاتر لە 80٪ـی خانووەکانی شنگال وێران بوونە و پێویستە بۆ هەر خێزانێک نزیکەی 15 ملیۆن دینار تەرخان بکرێت، تاوەکو بتوانن خانووەکانیان نۆژەن بکەنەوە و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.''
 
لە ئابی 2014 رێکخراوى داعش هێرشی کردە سەر قەزاى شنگال و بەهۆیەوە هەزاران کوردی کوردى ئێزدى لەو قەزایە ئاوارە بوون؛ زۆرینەیان پەنایان بۆ شارەکانی هەرێمى کوردستان هێنا. رێکخراوی داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە شنگال ئەنجامدا و هەزاران کوردی ئێزدیشی رفاند، ئەمە جگە لە وێرانکردنی قەزاکە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە