رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڕیاری داوە بۆ ئەم ساڵ یەک کیلۆ گەنم بە 31 سەنت لە جووتیاران بکڕێت، بەڵام جووتیارانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لەو نرخە ناڕازین.
لە شاری عاموودای رۆژئاوای کوردستان، ژمارەیەک جووتیار لە شەقامێک گردبوونەوە و دژی ئەو نرخەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ کڕینی گەنم دەستنیشان کردووە، دروشمیان بەرزکردەوە.
لە شاری رەققەش، ژمارەیەک جووتیار چوونە سەر شەقام و ناڕەزایەتیی خۆیان لە بەرامبەر بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەربڕی.
رۆژی یەکشەممە 26ی ئایاری 2024 بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڕیارەکەی راگەیاند. هاوسەرۆکایەتیی دەستەی کشتوکاڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، بۆ ئەم ساڵ نرخی یەک کیلۆ گەنم بە 31 سەنت دیاریکراوە کە بەراورد بە ساڵی رابڕدوو 12 سەنت کەمترە.
پار، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یەک کیلۆ گەنمی بە 43 سەنت لە جووتیاران کڕی.
پێشبینی دەکرێت، ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بگاتە دوو ملیۆن تۆن.
لە لایەکی دیکەوە، حکومەتی سووریاش رایگەیاندووە، ئەم ساڵ یەک کیلۆ گەنم بە 5500 لیرەی سووری لە جووتیاران وەردەگرێت کە دەکاتە نزیکەی 42 سەنت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ