رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، بە هەوڵی لایەنی پەیوەندیدار رێگە نەدراوە کوژاندنەوەی گشتیی کارەبا لە هەرێمی کوردستان رووبدات. ئاماژە بەوەش دەکات، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبایان گەیاندووە بە 1600 مێگاوات.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە کەمال محەممەد، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی کوردستان بە وەكالەت سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو چوار كرێكارە کردووە کە گیانیان لەدەستداوە و سوپاسی تیمەکانی هەردوو وەزارەتەکەی کردووە.
لەو راگەیێندراوەدا هاتووە، "تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی دیكە، پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر توانیویانە قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەنەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننە 1600 مێگاوات."
بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 3500 مێگاواتە لە کاتی ئاساییدا، لەکاتێکدا لە وەرزە گەرم و ساردەکاندا خواست لەسەر کارەبا دەگاتە 7 هەزار مێگاوات.
وەزیری کارەبا رایگەیاندووە، وەزارەتەکەی لە چاوەڕوانی چارەسەركردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گازدایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر، سلێمانی و بازیان و ئاساییبوونەوەی دۆخەكە.
ئەوە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ دوو شاندی جیا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق سەردانی کێڵگەی کۆرمۆر بکەن.
لە هێرشەکەی دوێنێدا کە بە درۆن کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرایە ئامانج، چوار کارمەندی خەڵکی یەمەن گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون.
هێرشەکە کاژێر 06:45 خولەکی دوێنێ ئێوارەیە کرا. تاوەکو ئەمڕۆ سەرچاوەی درۆنەکەش ئاشکرا نەکراوە.
ئەو شوێنەی کرایە ئامانج هەمان ئەو شوێنەیە کە جاری پێشوو لە سەرەتای ئەمساڵدا هێرشی کرایەسەر و دەرەوەی کەمپەکەیە و شوێنەکە لەژێر نۆژەنکردنەوەدا بووە.
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن؛ کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ