رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ دوو شاندی جیا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق سەردانی کێڵگەی کۆرمۆر بکەن. قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، دۆخی کێڵگەکە ئارامە و فەرمانبەرەکانی لەسەر کارن.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە وەزیری سامانە سرووشتییەکان و بریکاری وەزارەتەکە. رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شاندی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە سلێمانی، بەڵام شاندی بەغدا کەمێک دواکەوتوون و بڕیارە ئەوانیش ئەمڕۆ سەردانی کۆرمۆر بکەن."
لە هێرشەکەی دوێنێدا کە بە درۆن کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرایە ئامانج، چوار کارمەندی خەڵکی یەمەن گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون. قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، "دۆخی تەندروستی بریندارەکان باشە و ئەوانیش بیانین."
بەهۆی هێرشەکەوە 2500 مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە، لەبارەی دەستپێکردنەوەی دابینکردنی گاز بۆ کارپێکردنەوەی وێستگەکانی کارەبا، رەمک رەمەزان گوتی: "دۆخی کێڵگەکە لە رووی ئارامییەوە ئاساییە، بەڵام چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایین لەلایەن ئەو شاندە هاوبەشەی لەلایەن وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکان و کارەباوە پێکهێندراوە."
هێرشەکە کاژێر 06:45 خولەکی دوێنێ ئێوارەیە کرا. تاوەکو ئەمڕۆ سەرچاوەی درۆنەکەش ئاشکرا نەکراوە.
ئەو شوێنەی کرایە ئامانج هەمان ئەو شوێنەیە کە جاری پێشوو لە سەرەتای ئەمساڵدا هێرشی کرایەسەر و دەرەوەی کەمپەکەیە و شوێنەکە لەژێر نۆژەنکردنەوەدا بووە.
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن؛ کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ