هۆشداری دەدرێت 'لە هەموو شارەکان لافاو دروستبێت' و داوا دەکرێت خەڵک نەچنە نزیک رووبارەکان

27-04-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پێشبینی دەکرێت سەرەتای مانگی داهاتوو بارانی بەلێزمە ببارێت. داوا دەکرێت هاونیشتمانیان لە نزیک سەرچاوەکانی ئاو دووربکەونەوە. کەشناسێک دەڵێت، بارانبارین هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆ شەممەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ و سبەی کەشوهەوا جێگیر دەبێت و خێرایی با مامناوەند دەبێت.
 
هەر ئەمڕۆ محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە شەوی سێشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تاوەکو 7ی ئایار بەردەوام دەبێت."
 
ئەو شارەزایەی کەشناسی دەڵێت، شەپۆلەکە بارانی مامناوەند و بەلێزمە، تەرزە و هەورە برووسکەی لەگەڵدا دەبێت و ناوبەناو دەبێت.
 
محەممەد کەمال دەڵێت، "بارانەکە سەرتاسەری دەبێت و لە هەموو شارەکان مەترسیی لافاو هەیە، بەڵام لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکووک، بارانی زیاتر دەبارێت بەراورد بە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک."
 
ئەو شارەزایەی کەشناسی داوای لە جووتیارانی گەرمیان و هەموو ئەو شوێنانە کرد کە گەنم و جۆیان وشك بووە، دروێنە بکەن. گوتیشی، "شەپۆلەکە بارانی بەلێزمە و تەرزەی لەگەڵدا دەبێت و مەترسی لەسەر دەخڵودانی جووتیاران دروست دەکات."
 
قایمقامیەتی دەربەندیخان بۆ خەڵکی سنوورەکە: لە رووباری سیروان دووربکەونەوە
 
بەهۆی شەپۆلی چاوەڕوانکراوی باران، قایمقامیەتی دەربەندیخان لە راگەیێندراوێکدا ئاگاداری هاونیشتمانیانی ناوچەکانی دەربەندیخان و گەرمیان و گەشتیاران دەکاتەوە، بەهۆی ئەگەری سەرڕێژبوونی دەریاچەی دەربەندیخانەوە "ئاگاداری" خۆیان بن و لە رووباری سیروان دووربکەونەوە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، هاونیشتمانیانی ناوچەکانی دەربەندیخان و گەرمیان، گەشتیاران و ئەو کارگانەی لەسەر رووباری سیروانن "لە ئەگەری زیادبوونی داهاتی ئاو لە سەرەتای مانگی ئایار و سەرڕێژبوونی دەریاچەی دەربەندیخان، بەهۆی زۆری بەردانەوەی ئاوەوە ئاگاداری خۆیان و جێگاکانیان بن."
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، راگەیێندراوەکەیان لەسەر داوای بەنداوی دەربەندیخان بڵاوکردوەتەوە و دەیانەوێت هاونیشتمانیان و گەشتیاران دووربن لە هەر زیانێکی نەخوازراو و لە رووباری سیروان و بەنداوەکە دووربکەونەوە.
 
هەروەها سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان دوو رۆژ لەمەوبەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەنداوەکە 23 سانتیمەتری ماوە بۆ سەرڕێژبوون و پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا سەررێژبێت.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری لە دروستبوونی لافاو لە هەفتەی داهاتوودا دا و داوای لە خەڵک کرد لە نزیک سەرچاوەکانی ئاو دووربکەونەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، "بەهۆی پێشبینیی هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی تووند لە هەفتەی داهاتوو، بەتایبەتی لە رۆژی چوارشەممە، پێشبینیی زیادبوونێکی خێرای ئاو دەکەین."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی شەممە بەگوێرەی کەشناسی بەمشێوەیەیە:
 
هەولێر: 35 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 33 پلەی سیلیزی
دهۆک: 34 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 38 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 34 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 35 پلەی سیلیزی
سۆران: 31 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 23 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 38 پلەی سیلیزی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''