رووداو دیجیتاڵ
سبەی دوایین رۆژی تۆمارکردنی حیزب و هاوپەیمانییەکانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. رووداو ناوی ئەو حیزبانەی خۆیان تۆمار کردووە و بەشێک لە بەربژێرەکانیان بڵاودەکاتەوە.
بە گوێرەی بەدواداچوونێكی تۆڕی میدیایی رووداو، هەریەکە لە بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان، پارتی پارێزگارانی کوردستان، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە فەرمی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە و ئەمڕۆ یان سبەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لیستی بەربژێرەکانی دەداتە کۆمیسیۆن.
بەشێک لە بەربژێرانی کۆمەڵی دادگەری
د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ یان سبەی لیستی ناوی بەربژێرەکانمان رادەستی کۆمیسیۆن دەکەین".
لەبارەی ناوی بەربژێرەکانیانەوە، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "هەندێک کار"یان ماوە بۆیە تاوەکو سبەی ناتوانن ناوی بەربژێرەکانیان ئاشکرا بکەن.
بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەولێر چەند کەسێکیان بەربژێرن بۆ پەرلەمانی کوردستان، لەوانە، "سەرهەد عوسمان، ئەنوەر سەباح، مەریەم خان" هەروەها لە سلێمانی بەدریە ئیسماعیل پەرلەمانتاری خولی پێشوو، باوەڕ جەمال و ئیحسان زەڵمی لە بەربژێرانی حیزبەکەن.
رووداو زانیویەتی، هەریەکە لە عەبدولستار مەجید و عومەر گوڵپی پەرلەمانتارانی خولی پێشوو، هەروەها رێبوار حەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە، لەلایەن کۆمەڵی دادگەرییەوە داوایان لێکراوە خۆیان بەربژێر بکەن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هەر سێ ناوەکە وەڵامی بەڵێ و کۆتاییان بە حیزبەکەیان نەداوەتەوە.
بەربژێرانی یەکگرتوو
مستەفا عەبدوڵڵا، کارگێری ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لیستی ناوی بەربژێرەکانمان لە کۆمیسیۆن تۆمار کردووە، بەڵام هەندێک رێکاری کارگێڕی و یاسایی ماون بۆ چەسپاندنی ناوەکان سەرقاڵی جێبەجێکردنیین."
رووداو زانیویەتی، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە تەواوی پارێزگاکان بەربژێری دەبێت. بەشێکی بەربژێرەکانی حیزبەکە ئەمانەن؛ لە هەولێر خالید جەمیل، محەممەد هاودیانی. لە سلێمانی مستەفا عەبدوڵڵا و لە هەڵەبجە کاوە عەلی، کە ئێستا جێگری پارێزگاری هەڵەبجەیە.
بزووتنەوەی گۆڕان: خۆمان تۆمار کردووە
یاسین حەمەعەلی، رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان، بزووتنەوەکەیان بە فەرمی لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان خۆی تۆمار کردووە.
لەبارەی ناوی بەربژێرەکانیشیان، یاسین حەمەعەلی گوتی، "کات ماوە؛ تاوتوێی لیستی خۆمان دەکەین و ئاشکرامان نەکردووە کە لیستەکەمان کێی تێدا دەبێت، ئەمڕۆ و سبەی یەکلای دەکەینەوە."
بەربژێرانی هاوپەیمانیی کوردستان
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە لەنێوان پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێکهاتووە و محەممەدی حاجی مەحموود سەرۆکایەتیی دەکات.
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی سۆسیال دیموکراتی کورستان رۆژی چوارشەممە بە رووداوی راگەیاند، "لە هەموو شارەکان بەربژێرمان دەبێت؛ تەنیا لە سنووری مەڵبەندی سلێمانی 10 بەربژێرمان دەبێت".
بەشێکی بەربژێرانی سۆشیال دیموکرات لە سنووری سلێمانی ئەمانەن؛ باخان محەممەد جەمیل، رێزان عەبدوڵڵا محەممەد، مهاباد محەممەد، پەشێو عەلی رەشید، ژیلان حەکیم عەبدوڵڵا، بەهرۆز محەممەد هەمزە، هەڤاڵ محەممەد و سەوسەن بابەکر.
لە هاوپەیمانیی کوردستاندا، سەرۆکی لیستەکە لە هەولێر پشکی حیزبی شیوعی کوردستانە و هیوا عومەر ژمارە یەکە. هەروەها عوسمان زیندانی بەربژێری حیزبی شیوعییە بە ژمارە دووی هاوپەیمانییەکە لە بازنەی سلێمانی.
هیوا عومەر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی کوردستان و سەرۆکی لیستەکە لە هەولێر رایگەیاند، بە گوێرەی هاوپەیمانییەکە لیستی بازنەکان دیاریکراوە و سەرۆکی لیستەکە لە سلێمانی بۆ سۆسیالیست، هەولێر بۆ ئەوان و دهۆکیش بۆ حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانە.
دوو بزووتنەوە ئیسلامییەکە
د. محەممەد بازیانی، گوتەبێژی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەکو حیزب بە فەرمی بۆ هەڵبژاردن خۆمان تۆمار کردووە و لیستی بەربژێرەکانیشمان رادەستکردووە، بەڵام بە گوێرەی رێککەوتنی پەیڕەوی نێوخۆمان، سبەی ناوەکانیان ئاشکرا دەکەین".
هەرچی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانیشە بە فەرمی خۆیان بۆ هەڵبژاردن تۆمار کردووە. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە گوتی، سبەی بە فەرمی ناوی بەربژێرەکانیان ئاشکرا دەکەن.
هاوپەیمانییەکی دیکە بە ناوی (سەردەم) پێکهێندراوە و پێکهاتووە لە پارتی رەنجدەرانی کوردستان، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، پارتی پارێزگاران و عەبدوڵڵای حاجی مەحموودیش سەرۆکی هاوپەیمانییەکەیە.
غەفوور مەخمووری، سەرۆکی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئێمە سەرنجمان زیاتر لەسەر بازنەی هەولێرە و پارتەکانی دیکە لە بازنەکانی دیکەدا بەربژێریان هەیە و ئێمە نیمانە."
یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر سێ بەربژێری تۆمار کردووە و ئەمانەن؛ محەممەد هەرکی، شاکر هاشم و سەردار سارمەمی.
بە گوتەی بەرپرسانی لقەکانی هەولێر و سلێمانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی کاتی تۆماری حیزب و بەربژێرەکانیان.
تاوەکو ئەمڕۆ هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی لە لقەکانی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان خۆیان تۆمار نەکردووە، بەڵام هەردوو حیزبەکە کۆدی بەشداریکردنیان لە کۆمیسیۆن وەرگرتووە.
پێشهاتەکان لەکاتێکدان، 18ـی ئەم مانگە پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
راگەیێندراوەکەی پارتی هەر کاریگەری لەسەر حیزبەکان نەبووە، بەڵکو بەربژێرە سەربەخۆکانیشی سارد کردووەتەوە. رووداو زانیویەتی، چەند بەربژێرێک لە هەولێر چوونەتەوە کۆمیسیۆن و پرسیویانە، ئەگەر هەڵبژاردن بەڕێوەنەچێت، پارەکەیان دەدەنەوە یان نا.
دوای بڕیارەکەی پارتی، هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان کە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ـی حوزەیرانی داهاتوو بکرێت. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
پێشووتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."
3ـی ئادار، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ