رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی هەولێر کەرکووک، لە نزیک رێگەی قەزای قوشتەپە ئاگر لە شەش کۆگا کەلوپەلی نێو ماڵ و سێ کارگەی کیلینکس کەوتووەتەوە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئاگرەکە زۆرە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 27-03-2024، لەسەر رێگەی کەرکووک- هەولێر لە نزیک گوندی مۆرتکەی سەر بە قەزای قوشتەپە، ئاگر لە شەش کۆگە و کارگە کەوتەوە و تاوەکو ئێستا کۆنتڕۆڵنەکراوە.
بە گوتەی هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، ئاگرەکە ئەمڕۆ دوای بەربانگ لە یەکێک لە کۆگاکان کەوتووەتەوە، کە کراوەتە کارگەی دروستکردنی کلینکس، دواتر تەشەنەی سەندووە بۆ کۆگاکانی دیکەش.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، سێ لە کۆگاکان کارگەی دروستکردنی کلینکسن و سێیانیشیان کۆگای کەلوپەلی نێو ماڵن.
شایەتحاڵێک لەوبارەوە بە رووداوی گوت، ''تیمەکانی بەرگریی شارستانی زوو گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، بەڵام ئاگرەکە زۆر گەورە بوو و لە کۆنترۆڵ دەرچوو، تائێستا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن''.
ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام وەک پەیامنێری رووداو گوتی، ''زۆر بەهێزە و زیانێکی زۆری مادی لێکەوتووەتەوە، ژمارەیەک تیمی شارەوانی و پۆلیسی دارستانیش بۆ هاوکاریی تیمەکانی بەرگریی شارستانی هاتوون بۆ ئەوەی ئاگرەکە زووتر کۆنترۆڵ بکرێت.''
بەهۆی ئاگرەکەوە، دیواری بەشی پێشەوەی کۆگاکان "بە تەواوی لاوازبوونە و مەترسیی رووخانیان لەسەرە"، تیمەکانی بەرگریی شارستانی، هەوڵی رووخاندنیان دەدەن بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانن ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
شایەتحاڵێکی دیکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ''تاوەکو 18:15 خولەک لێرە بووم، هیچ هەواڵێک نەبوو، بەڵام پاشان گەیشتمە ماڵەوە، دوای 20 خولەك پاسەوانەکە پەیوەندی پێوە کردم کە ئاگرێکی گەورە لە پشت پێشانگەکەم کەوتووەتەوە، بۆیە منیش خێرا هاتمەوە.''
تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی، پۆلیسی دارستان و شارەوانی، بە چەندین تانکەری ئاو و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ