رووداو دیجیتاڵ
بایکۆتکردن دوای 10 رۆژ لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بەردەوامە. بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، توانیویانە کارمەندەکانیان رازی بکەن لە یەکشەممەوە بگەڕێنەوە سەر کار.
بەهۆی دواکەوتنی مووچەی مانگی شوباتەوە، لە 17ی ئەم مانگەوە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی دژی دواکەوتنی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامیان کردووە و مامەڵەی هاووڵاتییان رایی ناکەن.
عهمید ئاسۆ محەممهد، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە هەوڵێکی زۆر توانیومانە بەشێکی کارمەندەکانمان رازی بکەین کە لە رۆژی یەکشەممەوە بگەڕێنەوە دەوام".
عەمید ئاسۆ گوتی، هاووڵاتی هەیە ساڵنامە یان مۆڵەتی بەسەردەچێت و بۆ ئەوەی سزای مادی نەدرێت، دەبێت نوێی بکاتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانیش لەم دۆخەدا دەیانەوێت لە بەرژەوەندیی خەڵک بگەڕێنەوە سەر کار.
بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی سلێمانی گوتی، ئەگەر بڕیاری دابەشکردنی مووچە بدرێت یان نا، ئەوان رۆژی یەکشەممە بەشێکی کارمەندەکانیان دەگەڕێننەوە سەر کار. گوتیشی، "هەوڵ دەدەین هاوکاریی کارمەندەکان بکەین بە کەمکردنەوەی دەوام یان بە نۆرە دەوامکردن".
بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان لەو فەرمانگانەن کە داهاتی رۆژانەیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرە.
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی شوبات دابەشنەکراوە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە 600 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، داوای 949 ملیار 813 ملیۆن دیناریان لە بەغدا کردبوو، بەڵام بەو بڕەی کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچە ناردوویەتی 390 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.
23ـی ئاداری 2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی رۆژنامەڤانیدا کە رووداویش ئامادەبوو گوتی، "بۆ دابەشکردنی مووچە، چاوەڕوانین بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە بنێرێت."
ئاوات شێخ جەناب گوتیشی، "لیستی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشین و هێزە ئەمنییەکان لای ئێمە هیچ کێشەیەکی نەماوە و لە ئێستە بەدواوە هەموو مانگێک دەتوانین بە کلیکێک لیستی مووچە رەوانەی بەغدا بکەین و سیستمەکەیان لە هەرێمی کوردستان کردووە بە دیجیتاڵی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ