گوتەبێژی یەکێتی بۆ رووداو: بەرەوپێشچوونی باش لە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتدا هەیە

27-02-2025
پەیمان محەممەد
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی؛ وێنە: رووداو
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی؛ وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەردەوام دەبن؛ گوتیشی، دانوستاندنەکان ''باش'' بەرەوپێش دەڕۆن، ئەگەر لە دانیشتنی داهاتوودا کۆتایی بە ناکۆکییەکان نەهێنرا، یەکلاییکردنەوەیان دەمێنێتەوە بۆ کۆبوونەوەی ''لووتکە''ـی دوو حیزبەکە.
 
رۆژی چوارشەممە 26-02-2025، شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە هەولێر کۆبوونەوە. لەوبارەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند: ''کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە بوو کە بابەتە تیۆرییەکان و ئەوەی پەیوەندی بە پێناسەی هاوبەشیی یەکێتی و پارتی هەیە وەکو پێناسەی پۆستەکان، کۆتاییان پێبهێنرێت.''
 
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، بەشێکی زۆر لەو جیاوازییانەی کە لەنێوان پارتی و یەکێتی هەن، هۆکارن بۆ دروستکردنی بێمتمانەیی بە یەکدی، ''کۆبوونەوەکان بۆ ئەوەن کە ئەو جیاوازییانە بچووک بکرێنەوە یان نەمێنن.''
 
22ـی ئەم مانگەش، پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە. هەردوولا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت "بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسندکراو لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان."
 
گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە لەگەڵ پارتی بە لێکتێگەیشتنێکی تەواو بکەن، ''بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەک، ئێمە راستە رێککەوتننامەی ستراتیژیمان هەیە، بەڵام هەمووی ئەوانە کێشەی نێوان ئێمەی چارەسەر نەکردبوو، ئێستا ئەو [ناکۆکییانەی] کە هەمانن، بووەتە کێشەیەک لەنێوان هاووڵاتی و دەسەڵات و، ئەم دوو هاوبەشە لە دەسەڵاتدا؛ پێویستە ئەوانە نەمێنن.''
 
بە گوتەی سەعدی ئەحمەد پیرە، شاندەکە دانیشتنی دیکەیشیان دەبێت، ''لە دانیشتنی داهاتووی هەردوو شاندەکەدا ئەگەر کۆتایی بە خاڵە ناکۆکەکان نەهێنرا، ئەوە بابەتەکە دەمێنێتەوە بۆ لووتکە، واتا بۆ کاک مەسعود و کاک بافڵ، لە هەمانکاتیشدا بیرکردنەوە لە مەسەلەی پۆستەکان.''
 
بە گوێرەی بەرپرسانی هەردوولا، تاوەکو ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستە حکومییەکان دانوستاندنیان نەکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی چەندین کۆبوونەوە کراوە. گوتەبێژی یەکێتی گوتی، ''پێموانییە پێکهێنانی حکومەت زۆر بخایێنێت، چونکە کارەکان باش دەڕۆنە پێشەوە.''
 
سەعدی ئەحمەد پیرە جەختی لەوە کردەوە، ''پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت بۆ چوار ساڵی داهاتوو مەسەلەیەکی گەورە و بنچینەییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتییان، سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی کە هەن. با ستەم لە خۆمان نەکەین، ئێمە پێویستمان بە حکومەتێکی کرچوکاڵی بێ بەرنامە نییە، بەڵکو پێویستمان بە حکومەتێکی بەهێزی خاوەن بەرنامەی دروستە.''
 
نزیکەی چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
 
بە گوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە رۆژی 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی بە بەدەستهێنانی 39 کورسی براوەی یەکەم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 23 کورسییەوە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکە بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە