رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانى داعش لە سنوورى قەزاى خورماتوو شوانێک دەڕفێنن کە ژمارەیەک شوانى دیکەى لەگەڵدا بووە و لەدەست چەکدارەکان هەڵاتوون.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى کە تۆڕى میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکى ئەمنیى سنوورى خورماتوو دەستى کەوتووە، کاژێر 4:30 خولەکى ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 26ى شووباتى 2023 چەکدارانى داعش لە ناوچەى غەڕە لە سنووری ئەو قەزایە شوانێکیان رفاندووە.
شوانەکە تورکمانى شیعە مەزهەبە و ناوى عەلى ئەکبەرە، لە کاتى لەوەڕاندنى مەڕوماڵاتەکەیدا رفێندراوە.
بەپێی ئەو سەرچاوە ئەمنییە بەرپرسە لە خورماتوو، ئەو کاتەى چەکدارانى داعش ئەو شوانەیان رفاندووە، ژمارەیەک شوانى دیکەى لەگەڵدا بووە و لەدەستیان هەڵاتوون.
خورماتوو ناوچەیەکى جێناکۆکى سنوورى پارێزگاى سەڵاحەدینە و 68 کیلۆمەتر لە باشوورى کەرکووکەوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ