شەپۆلێکی بەفر و باران ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە

27-01-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ شەپۆلێکی بەفر و باران چەندین پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و لوڕستان بەفر دەبارێت.
 
رۆژی دووشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2025، رێکخراوی کەشناسیی ئێران رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانیان لە 26 پارێزگا بەفر و باران دەبارێت و کاریگەری شەپۆلەکە تاوەکو کۆتایی رۆژی پێنجشەممە، 30ی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت.
 
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە، بەفربارین لە چەندین ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و لوڕستان دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
سەڵاحەدین محەممەدی، جێگری بەڕێوەبەری رێگەوبانی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە زۆربەی رێگە سەرەکییەکانی پارێزگاکە بەفر دەبارێت، بە تایبەت لە رێگەی سەرەکیی شارەکانی سنە، مەریوان، بیجار، دێوڵان و قوروە، بەڵام تاوەکو ئێستا هاتووچۆ ئاساییە و هیچ رێگەیەک بەهۆی بارینی بەفرەوە دانەخراوە.
 
فەرهاد گودەرزی، بەڕێوەبەری رێگەوبانی شاری بروجێردی سەر بە لوڕستانیش دەڵێت، لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممەوە بارینی بەفر لە ملەی هیراب کە دەکەوێتە سەر رێگەی نێوان بروجێرد و ئەراک، بارینی بەفر دەستیپێکردووە و لەگەڵ ئەوەشدا رێگەکە تەمومژاوییە. داوای لە شۆفێرانیش کرد، کەرەستەی تایبەت بە کەشوهەوای سارد و بەفراوییان پێ بێت.
 
بە گوتەی یەزدان خوسرەوی، بەڕێوەبەری رێگەوبانی کرماشان، لە ملە ماسی سەر رێگەی بێستوون-سونقور، ملەی خەسرەوئاوای سەر رێگەی سونقور-قوروە و ملەی بیدسووری نێوان شارەکانی سەحنە و کەنگەوەر بەفر دەبارێت.
 
خوسرەوی گوتی، تاوەکو ئێستا هاتووچۆ لە هەموو رێگەکانی پارێزگاکە ئاساییە و هیچ کێشەیەک رووینەداوە. 
 
کەشناسیی پارێزگای ورمێش رایگەیاندووە، پێشبینی دەکەن لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە بەفر ببارێت و لە ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکەش باران ببارێت.
بەپێی کەشناسیی پارێزگای ئیلامیش، کاریگەری شەپۆلە نوێیەکە لەو پارێزگایە بە شێوەی باران و تەمومژ دەبێت.
 
بەپێی پێشبینییەکانی رێکخراوی کەشناسیی ئێران، بەهۆی شەپۆلە هەواکە لە زۆربەی ناوچەکان بەفر و باران دەبارێت، بای خێرا دێت، پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، لە هەندێک ناوچە تەرزە و باو بۆران و کڕێوە دەبێت، هەروەها لە هەندێک ناوچەش دەبێتە هۆی دروستبوونی تەمومژ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەورووپا.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەورووپا: 70 - 80 رۆژنامەڤان دەبەینە هەرێمی کوردستان

سەندیکای رۆژنامەڤانانی یەکێتیی ئەورووپا، لە راپۆرتتێکدا باس لە وردەکاریی سەردانی شاندێکی باڵایان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و لە پێگەی فەرمی سەندیکاکەیان راپۆرتێکیان لەبارەی سەردانەکە بڵاوکردووەتەوە. ئەندامێکی سەندیکاکە بە رووداوی راگەیاند، لە داهاتوودا بەنیازن بە دەیان رۆژنامەڤانی ئەورووپی بێننە هەرێمی کوردستان و لەنزیکەوە دۆخی رۆژنامەڤانان ببینن.