شەپۆلێکی بەفر و باران رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە

27-01-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شەپۆلێکی بەفر و باران پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، لەگەڵیدا پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. کەشناسیی پارێزگاکان دەڵێن، شەپۆلەکە تاوەکو کۆتایی سبەی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە، 27-01-2024، شەپۆلێکی باران، بەفر، باهۆز و تەمومژ بەشێکی زۆری پارێزگاکانی ورمێ، کرماشان، سنە، ئیلام و لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، بە جۆرێک کە قوتابییانی هەندێک لە ناوچەکان بەهۆی بەفربارین و سەرماوە، نەچوونە قوتابخانە و ناچار بوون بەشێوەی ئۆنلاین وانەکانیان بخوێنن.
 
بەپێی کەشناسیی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بارستە هەوایەکی سارد رووی لە پارێزگاکە کردووە کە تاوەکو کۆتایی سبەی یەکشەممە، بەفر و بارانبارین بەردەوام دەبێت.
 
لە کرماشان 12 کاژێر بەفر باریوە
 
شەهرام کەهریزی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا نزیکەی 12 کاژێر بەفر باریوە. زۆرترین بەفریش لە ناوچەی هەورامان، بەتایبەتی "سریاس"ـی سەر بە شاری پاوە و سێڕییانی ''شەهیدان'' بووە و لە ناوچەکانی دیکەش بڕێکی بەرچاو باران باریوە.
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بۆ پاککردنەوەی بەفر لە رێگەوباندا، 15 ئامێری پاککردنەوەیان بەکارهێناوە و زیاتر لە 210 تۆن خۆڵ و خاشاکیان بە جادەکاندا کردووە بۆ ئەوەی رێگری لە بەستەڵەکی جادەکان بکرێت و دۆخی هاتووچۆ ئاسایی ببێتەوە.
 
شەهرام کەهریزی گوتی، رۆژی شەممە (27-01-2024) لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکە باران دەبارێت، پێشبینیش دەکات سبەی یەکشەممە بەفربارین لە هەندێک لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگا بەردەوام بێت.
 
لە ورمێ قوتابخانەکان داخران
 
بەپێی کەشناسیی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای هاتنی شەپۆلێکی سەرما لە کۆتاییەکانی رۆژی هەینی 26-01-2024ـوە، بەفر، باران و باهۆز کاریگەری خستووەتەوە سەر کەشوهەوای پارێزگاکە. ئەم شەپۆلە زیاتر لە ناوچەکانی رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای پارێزگاکە دەرکەوتووە و بەفر باریوە.
 
بە گوتەی کەشناسییەکە، بارستەهەوا ساردەکە لە پارێزگای ورمێ تاوەکو کۆتایی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت و پاشان لەگەڵ بەرزبوونەوەی کاتیی پلەی گەرمیی هەوا، لە زۆربەی شارەکان ناوە ناوە باران دەبارێت.
 
هاوکات، سەر لە بەیانیی رۆژی شەممە، بەهۆی بەفربارینەوە بەشێک لە قوتابخانەکانی شاری ورمێ داخران. پەروەردەی پارێزگاکە رایگەیاند، "سەرجەم قوتابخانەکان لە ناحیەی یەک و دووی شاری ورمێ، بەهۆی سەرما و بەفربارینەوە دادەخرێن و وانەکانیان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئیلام بەفر دەبارێت
 
ئیحسان ئەحمەدی نژاد، شارەزایەکی کەشناسی لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای پارێزگاکەوە گوتی، لە کۆتاییەکانی دوێنێ هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارین دەستیپێکردووە کە ئێوارەی ئەمڕۆ کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت و باران سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای ئیلام دەگرێتەوە. 
 
ئەو شارەزایەی کەشناسی لەبارەی بەفربارینیشەوە گوتی، لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت. گوتیشی، ''لە کۆتاییەکانی ئەمڕۆدا رەنگە بەفربارین ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکەش بگرێتەوە.''
 
ئیحسان ئەحمەدی نژاد ئەوەشی خستەڕوو، بەیانیی یەکشەممە بارستەهەوا ساردەکە لاواز دەبێت تاوەکو نیوەڕۆ کاریگەرییەکانی لەسەر پارێزگاکە تەواو دەبێت.
 
لە سنە ئەگەری دواخرانی گەشتە ئاسمانییەکان هەیە
 
لە دوو رۆژی رابردوودا رێگەوبانی بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بەفربارینەوە گیرابوون، رۆژی سێشەممە، 03-01-2024، شەپۆلێکی سەرما رووی لە پارێزگاکە کرد تاوەکو ئێوارەی دوێنێ هەینیش بڕێکی باشی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان باری.
 
عەلی پەناهی، جێگری بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای سنە گوتی، شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران پارێزگاکەی گرتووەتەوە و لە ئێوارەی ئەمڕۆوە کاریگەرییەکانی دەردەکەون.
 
وەک جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسییەکە گوتی، ئەمڕۆ شەممە باران و بەفر زیاتر لە نیوەی باکووری پارێزگاکە دەبارێت و تاوەکو کۆتایی سبەی یەکشەممەش بەردەوام دەبێت.
 
بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی پارێزگای سنە، سبەی ئەگەری داخرانی کاتیی رێگەوبانی گوندەکانیش هەیە، مەودای بینین کەم دەبێتەوە و بەهۆی تەمومژێکی زۆرەوە رەنگە هەندێک لە گەشتە ئاسمانییەکانیش دوابخرێن.  
 
لە رۆژهەڵاتی پارێزگای لوڕستان بەفر دەبارێت 
 
بەهرووز مرادپوور، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی پارێزگای لوڕستان گوتی، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی سەرما سەرجەم ناوچەکانی پارێزگاکە دەگرێتەوە و تاوەکو سبەی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
 
وەک کەشناسیی پارێزگای لوڕستان پێشبینی کردووە، سبەی بەفربارین تاوەکو کۆتایی رۆژ لە بەشی رۆژهەڵاتی پارێزگاکە، ناوچە شاخاویی و کوێستانییەکان بەردەوام دەبێت.
 
هاوکات، ئاماژەی بەوەش کردووە، رۆژی دووشەممە و بەیانیی رۆژی سێشەممە کەشوهەوای پارێزگاکە جێگیر دەبێت و پاشان شەپۆلێکی دیکەی سەرما، باران و بەفر روو لە پارێزگای لوڕستان دەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە