رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، کورد و سوننە لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمان و ئەمریکان لە عێراق؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''سوودانی بە کردەوە توانای وەستاندنی هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراقی نییە".
رۆژی شەممە 27-01-2024، چیایی تەیموور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن و زانا کایانی پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، حکومەتی عێراق هەوڵی داوە بۆ وەستاندنی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، ''بەڵام محەممەد شیاع سوودانی [سەرۆکوەزیرانی عێراق] لە هاوکێشەکاندا و لە بواری کردەییەوە زۆر لاوازە و لەوە زیاتر توانای نییە.''
چیایی تەیموور گوتی، زۆربەی هێز و لایەنە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق نزیک لە ئێرانن و سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەنیا ناتوانێت بڕیار لە وەستاندنی هێرشی ئێران و گرووپە ''لە یاسا دەرچووەکان''ـی نزیک لەو وڵاتە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق بدات؛ گوتیشی، ''تەنانەت بەشێک لە لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی ئەو وڵاتەیان بۆ سەر هەولێر نەکردووە".
شەوی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەم سوپای پاسدارانی ئێران، بە 11 مووشەکی بالیستی هەولێری کردە ئامانج کە بەشێک لەو مووشەکانە بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری کورد کەوتن و لە ئەنجامدا خۆی و منداڵێکی 11 مانگ و هاوڕێیەکی و خزمەتگوزارێکی ماڵەکەی گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش بریندار بوون.
پاساوی ئێران بۆ هێرشە مووشەکییەکەی، هەبوونی بارەگای دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل - مۆسادە لە هەولێر. جگە لەوەش، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە ''مقاوەمەی ئیسلامی'' دەناسێنن، ناوە ناوە هێرشی درۆنی دەکەنە سەر بنکە و بارەگای هاوپەیمانان و ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی لە شەڕی غەززەدا ئەمریکا پاڵپشتیی ئیسرائیل دەکەن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، ''ئامانج لەو هێرشانە هاوکات لەگەڵ بڕینی مووچە و قووتی هاووڵاتییان، گوشارخستنەسەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بخرێتە ژێر گوشاری کۆماری ئیسلامیی ئێران".
وەک چیایی تەیموور گوتی، ئەو گرووپە چەکدارانەی هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لە حکومەتی عێراق بەهێزترن و پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئێران هەیە؛ گوتیشی، ''راستە چەکدارەکانیان لە چوارچێوەی سوپای عێراقدان، بەڵام فەرمان لە ئێران وەردەگرن و زیاتر ملکەچی بڕیارەکانی حکومەتی ئەو وڵاتەن تاوەکو عێراق.''
بەرەبەیانی 7-10-2023، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بەناوی ئۆپەراسیۆنی"تۆفانی ئەقسا" هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل. بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، حەماس ئەو رۆژە 250 کەسی بە بارمتە گرت و زیاتر لە هەزار و 140 کەسی ئیسرائیلی و بیانی کوشت. هەرزوو ئیسرائیل بە ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین" وەڵامی حەماسی دایەوە و لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشی کردە سەر غەززە.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، شەڕی کەرتی غەززە کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان و گوتیشی، ''ئێران دەیەوێت ململانێی خۆی لەگەڵ ئەمریکا، لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق یەکلایی بکاتەوە.''
ئەمریکا دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی و هاوپەیمانەکانیشی 500 راوێژکاری سەربازییان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەم مانگە لە کۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا رایگەیاند، ''هیچ هۆکارێک بۆ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق نەماوە و سوپای عێراق خۆی دەتوانێت رووبەڕووی شانە ماوەکانی داعش بێتەوە''.
قسەکانی سوودانی دوای ئەوە هاتن کە لە 17ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراقی لایەنگری ئێران کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبەن، لانیکەم 150 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا.
کۆتایی هەفتەی رابردوو وەزارەتەکانی دەرەوەی عێراق و بەرگریی ئەمریکا باسیان لە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هاوبەش لە حکومەتی هەردوو وڵات کرد کە ئەو لیژنە هاوبەشە تایبەتە بە گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی."
چیایی تەیموور رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و حکومەتی عێراق بە باش دەزانێت و دەڵێت، ''رەنگە رێگر بێت لە بیانووەکانی هێزە دەرچووەکان لە یاسا بە مەبەستی هێرشکردنە سەر هێزە ئەمریکییەکان. ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە کێشەکە بە شێوەی دیپلۆماسی چارەسەر بکرێت نەک بە تووندوتیژی.''
ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی هەڵوێستی کورد و سوننەش بۆ کشانەوە یان مانەوەی هێزەکانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق گوتی، ''بە پێچەوانەی شیعەکان، کورد و سوننە بە باشی دەزانن کە ئەو هێز و لایەنانە بەتایبەتی هێزەکانی ئەمریکا، بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان لە بەرامبەر هێزە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکان و گوشارەکانی ئێران، لە عێراق بمێننەوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ