رووداو دیجیتاڵ
ناوەندێک لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە کە تێیدا کۆمەڵێک گەنج ئەرشیڤ و بەڵگەنامە مێژووییەکان بەدیجیتاڵیی دەکەن. بەڕێوەبەری ناوەندەکە دەڵێت، ''ساڵی داهاتوو ئەرشیڤە دیجیتاڵییەکە دەکەوێتە دەست توێژەر و خوێنەران.''
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، محەممەد فاتیح قەرەداخی، بەڕێوەبەری ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نمە نەبەز پێشکێشیکرد، لەبارەی گرنگیی کاری ناوەندکەیانەوە رایگەیاند، ''یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور، ئەرشیڤکردنی بەڵگەنامە مێژووییە کوردییەکانە.''
پاراستن و کۆکردنەوەی بەڵگەنامە مێژووییەکان لەلایەن ئەو ناوەندەوە لە رێگەی بەدیجیتاڵیکردن دەبێت، محەممەد فاتیح قەرەداخی گوتی، تیمێکی گەڕۆکیان هەیە و لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە دوای سەرچاوەکاندا دەگەڕێن. گوتیشی، ''لە هەر شوێنێک هاونیشتمانیان ئەرشیڤ یان بەڵگەنامەیەکیان هەبێت، هەر لەوێ بە ئامێری پێشکەوتوو سکان دەکرێت و دواتر ئەرشیڤە کاخەزییەکەیان پێدەدرێتەوە.''
سەرەڕای ئەوەی ناوەندەکە چالاکییەکانی دەستپێکردووە، بەڵام هێشتا بە فەرمی نەکراوەتەوە. بەگوتەی بەڕێوبەری ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور، "ساڵی داهاتوو ئەم ئەرشیڤە دیجیتاڵییە دەکەوێتە دەست توێژەر و خوێنەرانی کورد و نەتەوەکانی دیکە".
محەممەد فاتیح قەرەداخی ئاماژەی بەوە کرد، "ستافی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور لە گەنجانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی پێکهاتوون و بۆ ناساندنی زیاتری مێژووی کوردستان بە وڵاتانی دیکە، بەڵگەنامەکان بە زمانی ستانداردی ئینگلیزیش دەخرێنە بەردەستی خوێنەران و تێیدا گرنگییەکی زۆر بەو زمانەش دەدرێت".
بەڕێوەبەری ناوەندەکە بەشێک لە گرنگیی کاری بەئەرشیڤکردنی دیجیتاڵیی بەڵگەنامە مێژووییەکان بۆ ئەوەش دەگەڕێنێتەوە کە ''ئەگەر لە داهاتوودا کەسێک بیەوێت لە رووی سیاسی، ئابووری و مێژووییەوە لێکۆڵینەوە لە سەردەمەکانی پێشووی کوردستان بکات، دەتوانێت لە رێگەی ئەم ئەرشیڤەوە سەرچاوەی سەرەکی بەدەستبهێنێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ