رووداو دیجیتاڵ
16 رۆژ لەمەوبەر، رێکخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، بەرپرسانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکشێنەوە.
لە کۆی چوار وەزیرەکەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێ وەزیریان بڕیاریان داوە لە حکومەت بکشێنەوە؛ وەزیرێکیشیان بڕیاری داوە بمێنێتەوە. هەروەها بەشێکی زۆری بەرپرسانی بزووتنەوەکە لە حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەیان داوە.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان کە پابەندبوونی بە بڕیاری رێکخەری بزووتنەوەکەیەوە دەربڕیوە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەمان پێشکێشی بەڕێز سەرۆکی حکومەت کردووە و داواکارییەکە لە بەردەستی ئەودایە."
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی وەڵامی دەستلەکارکێشانەوەکەی نەداونەتەوە.
پۆستە وەزارییەکانی گۆڕان لە حکومەت
جگە لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاوەدانکردنەوە، پیشەسازیی و بازرگانی بە دەست بزووتنەوەی گۆڕانەوەن.
جگە لە کوێستان محەممەد، هەریەکە لە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەیان داوە.
تەنیا وەزیری بزووتنەوەکە کە ئامادە نییە لە پۆستەکەی بکشێتەوە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە و بۆ ئەوەش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دیاریکردنی دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە، وەکالەتێکی نایاسایی و نادەستوورییە" بۆیە پابەندی بڕیارەکە نابێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەریەکە لە چالاكی موهەندیس، بریكاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار؛ بەهرۆز عەلی، راوێژكاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ بەهرە محەممەد مەحموود، راوێژكار لە سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان و شەیما جەمال، راوێژكار لە وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەیان داوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تەواوی ئەو کەسانەی لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستیان وەرگرتووە و داوای دەستلەکارکێشانەوەیان کردووە، تاوەکو ئێستا بەردەوامن لە دەوامکردن.
بەگوێرەی بڕیاری رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان بێ، دەبێت بزووتنەوەکە لە حکومەتی خۆجێی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بکشێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە بەرپرسێکی کارگێڕی لە پارێزگای سلێمانی کە لە پشکی گۆڕان پۆستی وەرگرتووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ کەسێک بە نووسراوی فەرمی داوای دەستلەکارکێشانەوەی نەکردووە، بەڵام ئامادەن و پابەندی بڕیاری بزووتنەوەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ