رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، زیانی هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی کەم بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دۆخی وڵات ئاسایی بووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 26-10-2024، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر چەند ئامانجێکی نێو ئێران قسەی کرد و رایگەیاند، ''زیانی هێرشەکە کەم بوو و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزەوە کاردانەوەی بۆی هەبوو''.
فاتمە مهاجرانی گوتی، ''ئێستا دۆخی وڵات ئاساییە و گەشتە ئاسمانییەکانیش لە کاژێر 09:00ـی بەیانییەوە دەستیان پێکردووەتەوە".
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکەنە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران".
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بارەگای بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، ''سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام.''
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیی وڵاتەکە ''سەرکەوتوو'' بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەکەی لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ