رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی هاتنی رەشەبا لە بەشێکی کوردستان دەکرێت. کەشناسێک دەڵێت، "لە سنووری پارێزگای سلێمانی هێندە بەهێز دەبێت پۆستەری بەشێکی بەربژێران دەخاتە خوارەوە".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رووداوی گوت: "لە یەکشەممەوە تاوەکو 3ـی مانگی داهاتوو، خێرایی بای باكووری خۆرههڵات له ناوچهكانی ههرێمی كوردستان چالاک دەبێت و دەگاتە 28 بۆ 50 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا".
بەگوتەی ئەو کەشناسە، خێرایی با لە سنووری سلێمانی، ئیدارە سەربەخۆکانی راپهرین و گهرمیان، قەزاکانی كۆیه، چهمچهماڵ، قەڵادزێ، تاسڵووجە، سەنگاو، پێنجوێن، پیرەمەگروون، کەڵەک و سۆران چالاکترین دەبێت.
لەبارەی هەولێر و دهۆکیشەوە محەممەد کەمال گوتی، "سەنتەری شارەکانی هەولێر و دهۆک ناگرێتەوە، بەڵام بەشێکی ناوچەکانی ئەو پارێزگایانەش خێرایی با تێیاندا چالاک دەبێت".
محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانی 28 و 29ـی ئەم مانگە چەقی خێرایی با دەبێت.
چالاکبوونی خێرایی با لەکاتێکدایە، لە 25ـی ئەم مانگەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردووە و هەزاران پۆستەری جۆراوجۆر لە شەقامەکاندا هەڵواسراون. محەممەد کەمال دەڵێ، "خێرایی با لەو ناوچانەی چالاکە زۆرینەی پۆستەرەکان دەخاتەخوارەوە".
ئەو کەشناسە گوتیشی، هاتنی ئەو هەوایە دهبێته هۆی دابهزینی پلهكانی گهرما به رێژهی 5 پلەی سیلیزی بەراورد بە ئەمڕۆ و شەوان هەست بە سەرما دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ