رووداو دیجیتاڵ
دوای 15 رۆژ، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و پاسی گەشتیاری بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دەروازەکەیانەوە دەستپێدەکاتەوە.
مەسعود باتێلی، بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە هاونیشتمانییان و گرووپە گەشتیارییەکان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و پاسی گەشتیاری لە دەروازەکەوە هاتووچۆ بکەن.
10ـی ئەم مانگە، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران بە رووداوی گوت، بەهۆی هاتووچۆی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن، هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و پاسی گەشتیاری بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ماوەی 15 رۆژ رادەگیرێت.
مەسعود باتێلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێوارەی ئەمڕۆ ئامارەکانی 15ـی رۆژی هاتووچۆی زیارەتکارانی خەڵکی ئێران لە رێگەی دەروازەکەیانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بۆ کەربەلا بڵاو دەکەنەوە.
جگە لە حاجی ئۆمەران، دوو دەروازەی دیکەی نێودەوڵەتی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا هەن، ئەوانیش باشماخ و پەروێزخانن. لەو دوو دەروازەیەوە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رانەگیرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ