کوردستان
کەسێک لەنێو ئاوەوە دەستی هێناوەتە دەرەوە، وەکو ئاماژەیەک بۆئەوەی خەریکە دەخنکێت. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە و دروستکراوە
رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێری رابردوودا چوار هاونیشتمانی لە ئاودا خنکاون کە سێ کەسیان ئەمڕۆ لە سێ شوێنی جیاوازدا خنکاون.
ئەمڕۆ هەینی 26-06-2024، موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هاونیشتمانییەک بەناوی ئەحمەد محەممەد عیسا، تەمەن 30 ساڵ دانیشتووی هەولێر لە نزیک گوندی ئەبووشیتە سەر بە ناحیەی گوێڕ لە زێی گەورە خنکا.
ئامانج رەحیم، ئەفسەر لە بەرگریی شارستانیی خەبات بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 6:30ی ئێوارە تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.
لە سنووری کۆیەش تەرمی ژنێک دۆزرایەوە کە لە ئاودا خنکابوو.
عەمید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە رووداوی گوت، ژنەکە لە زێی بچووک لە سنووری ناحیەی ئاخجەلەر لە قەزای چەمچەماڵ کەوتبووە نێو ئاو و تەرمەکەی لە سنووری تەقتەق دۆزرایەوە.
سوهام فەتحوڵڵا تەمەن 30 ساڵ، ناوی ئەو ژنەیە گیانی لەدەستداوە کە دانیشتووی ناحیەی تەکیە بوو لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و بۆ گەشتکردن لەگەڵ کەسوکارەکەی چووبووە نزیک زێی بچووک.
هەر ئەمڕۆ کاژێر 04:00ـی ئێوارە، لە رووباری خابیر لە سنووری زاخۆ کەسێکی تەمەن 55 ساڵ خنکا. بەرگری شارستانیی زاخۆ رایگەیاند، دوای نیو کاژێر لە رووداوەکە تەرمی هاووڵاتییەکەیان دۆزیەوە.
هاوکات بەرگریی شارستانیی زاخۆ رایگەیاند، تەرمی شاکر تاهیر کە خەڵکی گوندی پاسێی سەر بە ناحیەی بامەڕنێ بوو دۆزرایەوە کە شەوی رابردوو خنکابوو.
ساڵانە لە وەرزی هاویندا هاونیشتمانیان و گەشتیاران سەردانی چەم و رووبارەکان دەکەن؛ بەوهۆیەشەوە رووداوەکانی خنکان زیاتر دەبن بەراورد بە وەرزەکانی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ