رووداو دیجیتاڵ
دوای دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، کاتەکە بە گونجاو دەزانن و داوا دەکەن کێشە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دروست نەکرێت.
مستەفا عەبدوڵڵا، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە کاتەکە بە گونجاو دەزانین و پێشتریش داوامانکردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوە زیاتر دوانەخرێت".
ئەو کارگێڕەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتیشی: "ئامادەکاریمان بۆ هەڵبژاردن کردووە و ئەمڕۆ کە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە، ئەوەشی نەمانکردووە تەواوی دەکەین، بۆ ئەوەی چیدی هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاساییدا نەبێت".
هەرەوەها د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لەگەڵ کاتەکەدا کە دیاریکراوە هیچ کێشەیەکمان نییە و هیوادارین هیچ کێشەیەکیش بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دروست نەکرێت و لەوە زیاتر دوانەخرێت".
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەری دەڵێت: "گرنگ ئەوەیە، ئەو کاتەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە هیچ ناکۆکییەک دروست نەکات و هەموو لایەنەکان بەشداربن. ئێمە پێشتریش ئامادەبووین بۆ هەڵبژاردن و ئێستاش ئامادەین و هیوادارین کاتی دیاریکراودا بەڕێوەبچێت".
هەر ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، "رۆژی هەڵبژاردن زۆر دوورە و هیوامان دەخواست هەڵبژاردنەکە زووتر بکرێت. هەرچۆنێک بێت، ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە بۆ خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن ئەو دۆخە نەخوازراوە تێپەڕێنن".
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ راشیگەیاندووە، بە پەرۆشەوە چاوەڕێی رۆژی هەڵبژاردن دەکەن و بۆ "کۆتاییهێنانین بەم دەسەڵاتە خراپە".
پێش ئەو لایەنانە، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دواى راگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستانەوە، دەستدەکەن بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان.
ئێوارەی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیارە هەڵوێستی خۆیان لەبارەی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بخەنەڕوو.
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دەقی فەرمانێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە، کە فەرمانی هەرێمیی بوو بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دەقی فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە:
"فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024، پاڵپشت بە بڕگەی دووەم لە مادەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ژمارە 1ـی ساڵی 2005ـی هەمووار کراو، بڕیارماندا بە: یەکەم؛ دیاریکردنی رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق. دووەم؛ گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ جێەبجێکردنی ئەم فەرمانە. سێیەم؛ ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمیی بڵاو دەکرێتەوە."
هەر ئەمڕۆ عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە رووداوی گوت: "کاتەکە زۆر گونجاوە و پێشوازیی لێدەکەین."
سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، راگۆڕینەوە لەنێوان کۆمیسیۆن و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەبووە و لە ئەمڕۆوە "دەست بە کارەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی لەو وادەیە هەڵبژاردن بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ