رووداو دیجیتاڵ
سبەی یەکەم کاروان لە زیارەتکارانی حەجی ئەم ساڵ لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانییەوە دەگەنە سعودیە. چوون بۆ ئەو وڵاتەش بە مەبەستی ئەنجامدانی حەج لە رێگەی وشکانییەوە لە 29ی ئایار دەستپێدەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، سبەی یەکەم گەشتی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی زیارەتکارانی حەج دەستپێدەکات و تاوەکو 30ی ئەم مانگەش تەواوی ئەو کەسانەی بە رێگەی ئاسمانی گەشتەکە دەکەن، دەگەنە سعودیە.
هەروەها ئەو زیارەتکارانەی لە رێگەی وشکانییەوە ئەم ساڵ بۆ بەجێهێنانی حەج دەچنە سعودیە، رۆژی چوارشەممە 29ی ئایار بەڕێدەکەون و 31ی ئایار دەگەنە شاری مەدینەی سعودیە و دواتر دەچنە مەککە.
نایف ئاسوودە، خاوەنی کۆمپانیای حەج و عومرە، کە ئەم ساڵ لە رێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە حاجییان دەبەنە سعودیە، ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئامادەکارییەکان لە سعودیە تەواو کراون و سبەی یەکەم گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگاتە سعودیە."
نایف ئاسوودە دەڵێت، ئەم ساڵ لە پاڵ زمانە جیهانییەکانی وەکو عەرەبی، پاکستانی و ئینگلیزی، بە تابلۆی کوردی و بە "بەخێربێن" پێشوازی لە زیارەتکارانی کورد دەکرێت و بەشێکی رێنوێنی شوێنەکانیش بە کوردی لەسەر تابلۆکان نووسراوە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە بەرپرسێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی ئەو خشتەیەی بە فڕۆکەخانە دراوە، سبەی یەکەم گەشتی ئاسمانی بۆ گەیاندنی زیارەتکارانی حەج لە سلێمانییەوە بەرەو سعودیە دەستپێدەکات."
ئەوانەی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و ئەم ساڵ حەج دەکەن، تیکتی فڕۆکە، هۆتێل لە سعودیە، خشتەی کاری رۆژانە، پاسی هاتووچۆ و باجیان بۆ ئامادە کراوە.
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن دەچنە سعودیە؛ لەو ژمارەیە 1460 کەسیان بە رێگەی وشکانی دەچن.
جیا لەو ژمارە هاونیشتمانییە، بەشێکی دیکەی هاونیشتمانیان کە ژمارەیان نادیارە، ئەمساڵ پێشوەختە و بە ڤیزەی یەک ساڵیی چوونەتە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەوان بەرپرسن نابن لەو کەسانە و بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، "ئەو جۆرە حەجە نایاساییە."
بەگوێرەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، حەجکردن ئەم ساڵ بە دینارە؛ بە رێگەی ئاسمانی 6 ملیۆن و 350 هەزار دینار و بە رێگەی وشکانیش 5 ملیۆن و 300 هەزار دینارە.
لە حەجی ساڵی 2023ـدا چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون و تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی چوار هەزار و 500 دۆلار بە وشکانیش سێ هەزار و 800 دۆلار بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ