رووداو دیجیتال
دابەشکردنی بەشە خۆراکی چوارەم لە ئەم ساڵ دا لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر دەڵێت، هەر بریکارێک سەردانیان نەکات بۆ پارەدان، خۆراکی بۆ نانێرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی ئایاری 2024 کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "فەرمانمان بۆ هاتووە سەبەتەی خۆراکی چوار بە داتای مانگی پێنج دابەش بکەین؛ دابەشكردن لە دووشەممە یان سێشەممە دەستپێدەکات."
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی گوتی، ئەم مانگەش هاوشێوەی مانگی رابردوو بڕی برنج کەم کراوەتەوە، لە سێ کیلۆوە بۆ دوو کیلۆ و نیو، لەتکەنۆکیش دابەش ناکرێت و لەبری ئەوە نیسک بۆ کەسێک کراوە بە کیلۆیەک، پێشتر بۆ کەسێک نیو کیلۆ بوو."
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا داوای لە بریکارەکانی خۆراک کردووە، بۆ وەرگرتنی لیستی بەشە خۆراکی چوارەمی ئەم ساڵ سەردانیان بکەن و رێکارە کارگێڕییەکان جێبەجێ بکەن.
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بە رێگەی ڤیزە کارت پارە لە بریکارەکان وەردەگرین و هەر لەم هەفتەیەدا دابەشکردنی خۆراک دەستپێدەکات، بەڵام هەر بریکارێک سەردان نەکات بۆ پارەدان، خۆراکی بۆ نانێردرێت."
ئەم مانگە جگە لە نیسک و برنج، بۆ هەر کەسێک 9 کیلۆ ئارد، دەبەیەکی یەک لیتری رۆنی شل، یەک کیلۆ شەکر و قوتویەک دۆشاوی تەماتەی 400 گرامی دابەش دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشە خۆراک وەردەگرن.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ