رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، بەرهەمهێنانی نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووەوە. بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەڵێت، کاژێر 01:00ی بەرەبەیان موەلیدە دەکوژێننەوە. لە هەولێر و دهۆکیش موەلیدەکان 24 کاژێر کار دەکەن.
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کاژێر 11:00ی نیوەڕۆوە موەلیدەکانمان کار دەکەن و 01:00ی بەرەبەیان دەیانکوژێنینەوە."
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی گوتی، کارەبای نیشتمانیش نەبێت، ئەوان کار بە موەلیدەکان ناکەن و لەسەر خشتەی خۆیان دەڕۆن.
لە هەولێر و دهۆک کارەبای نیشتمانیی 24 کاژێر دەدرێتە هاونیشتمانیان. خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە بڕیاری پارێزگاری هەولێر، لە پێنجشەممەی رابردووەوە لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا موەلیدەکانمان 24 کاژێر کارەبا دەدەنە هاوبەشان."
خۆرانی گوتی، ئەگەر کێشەیەکیش بەهۆی هێرشی هاوشێوەی ئەوەی ئەمڕۆوە دروست ببێت، موەلیدەی یەدەگیان هەیە و 24 کاژێر کارەبا دابین دەکەن.
ئەم ئێوارەیە هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان هاوبەشانی كارەبایان ئاگادار کردەوە کە بەهۆی هێرشکردنە سەر کۆرمۆرەوە 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، هەردوو وەزارەتەکە دەڵێن، "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە. ستافی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ لایەنە هاوبەشەکانیان لە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دەستپێکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا".
ئێوارەی ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، بە درۆن هێرشەکە کراوە.
بە گوتەی قایمقامی چەمچەماڵ، لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ کەسی بیانی کوژراون و سێ کەسی دیکە بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ