کوردستان
ئەو بارهەڵگرەی ئەمڕۆ لە رێگەی دووکان - سلێمانی کۆنترۆڵی لەدەستدا و لە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی دا. وێنە: پەیجی هاتووچۆی سلێمانی
رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو رووداوی هاتووچۆ، کە ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویاندا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاتووچۆی پارێزگاکەی راسپارد کە رۆژانی هەینی هاتووچۆی بارهەڵگر لە هەندێک رێگە قەدەخە بکەن. هاتووچۆش دەڵێت، هەر کەس پابەند نەبێت، سزا دەدرێت.
ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسان سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جێگری سەرۆکوەزیران بەدواداچوونی بۆ دوو رووداوەکەی ئەمڕۆی سنووری دەربەندیخان و دووکان کرد و هاتووچۆی سلێمانیی راسپارد، رۆژانی هەینی هاتووچۆی بارهەڵگر لە رێگەکانی دەرەوەی شار قەدەخە بکەن.
رووداوەکەی دەربەندیخان دوو گیانلەدەستدان و دوو برینداری لێکەوتەوە؛ ئەوانەی مردن هاوژین بوون. ئەوەی دووکانیش بارهەڵگرێک کۆنترۆڵی لەدەستدا و 18 برینداری لێکەوتەوە و زیانی بە 15 ئۆتۆمبێلیش گەیاند.
دوای داواکەی قوباد تاڵەبانی، هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لەپێناو سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان و گەشتیاران، بڕیاردرا لە رۆژانی هەینی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە کاژێر 07:00 بەیانی بۆ 07:00ی ئێوارە [لە چەند شوێنێک قەدەخە بکرێت]."
بەگوێرەی هاتووچۆی سلێمانی، ئەم رێگەیانەی خوارەوە بۆ بارهەڵگرەکان قەدەخە دەبن:
- رێگەی دووکان - سلێمانی؛ بەپێچەوانەوە
- رێگەی قەرەداخ
- شەقامی هەواری شار بۆ تونێلی پێشڕەو
- رێگەی سەرجەم ئەو سەیرانگەیانەی لە سنووری شارەزووردان
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، هێزەکانیان چاودێریی رێگەکان دەکەن و هەرکەس پابەند نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ