رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ لە کۆمەڵگەی خانەسۆری سنووری قەزای شنگال دوو شوان کوژران. دوای چەند کاژێرێک لە رووداوەکە و بەو تۆمەتە گەنجێکی ئێزدی دەستگیرکرا.
دوای نیوەڕۆی شەممە، 25-02-2023، دوو گەنجی ئێزدی کە هەردووکیان شوان بوون و ئامۆزای یەکدی بوون کوژران. درەنگی شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی شنگال کەسێکیان بەو تۆمەتە دەستگیرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دانی بە تاوانەکەی دا نەناوە.
یەکێک لە گەنجە کوژراوەکان ناوی ناجی حەسەنە، تەمەنی 14 ساڵە و ئەوی دیکەیش ناوی هیشام فەندییە و تەمەنی 16 ساڵە. سلێمان حەسەن، کەسوکاری دوو گەنجە کوژراوەکە بە رووداوی راگەیاند، دوێنێ ئێوارە لەو رووداوە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانن بکوژەکەیان کێیە و بۆچی ئەو کارەی کردووە.
سلێمان حەسەن داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات لێکۆڵینەوەکانیان لە رووداوەکە چڕتر بکەنەوە و دەڵێت، "دەبێ بکوژەکە بە سزای یاسایی خۆی بگەیێندرێت."
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دوای هێرشی داعش لە 2014ـەوە بۆسەر شنگال، نزیکەی 100 کەس لە سنوورەکە کوژراون و تاوەکو ئێستا بەشێک لە بکوژانی تاوانەکان دەستگیرنەکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ