کوردستان

سەمیر کەریم، کاتێک تەمەنی 28 ساڵ بووە، بەهۆی تەقینەوەیەک سێ مانگ لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی چڕ دەبێت
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
باوکی دوو منداڵ، بەهۆی تەقینەوەیەکی 20 ساڵ لەمەوپێش بریندار بووە و 50 نەشتەرگەریی کردووە. تووشی ئیفلیجی میزڵدان بووە، گورچیلەیەکی لەدەستداوە و مەترسی لەدەستدانی گورچیلەکەی دیکەی هەیە. نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ میزڵدان لە دەرەوەی وڵات پێویستە، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانەدا نییە.
سەمیر کەریم، کاتێک تەمەنی 28 ساڵ بووە، بەهۆی تەقینەوەیەک سێ مانگ لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی چڕ دەبێت، وەک خۆی دەڵێت، لە مردن گەڕاوەتەوە. بەڵام دوای ئەو رووداوە ژیانی تاڵ بووە، تاوەکو ئێستا لەسەر جێگەیە، کێشەی میزڵدانی هەیە و توانای کارکردنیشی نەماوە.
سەمیر کەریم، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "شەش ساڵە سۆندەم بۆ دانراوە، تووشی نەخۆشیی دەروونی کردووم، ناتوانم سەردانی هیچ شوێنێک بکەم، خەڵک بێزم لێدەکات. ئێستا گۆڕینی سۆندەم پێویستە، سۆندەکە لە هیچ شوێنێک دەستناکەوێت. تەنیا داواکاریم لە خێرخوازان ئەوەیە یارمەتیم بدەن لە نەخۆشییەکە رزگارم بێت و هەڵسمەوە سەرپێ بۆ ئەوەی بژێوی ژیان و خێزانەکەم دابین بکەم."
سەمیر زیاتر لە 20 ساڵە چارەسەر وەردەگرێت. حەوت ساڵ پێش ئێستا لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە نەشتەرگەرییەکی بۆ کردنەوەی بۆڕیی میز بۆ کراوە، نەشتەرگەرییەکەی سەرکەوتوو بووە، بەڵام تووشی ئیفلیجی میزڵدان بووە.
دکتۆر شاخی موحسین، دکتۆرا لە نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ، لە بەرنامەی بەرپرسیار گوتی: "میزڵدانی سەمیر هەست بە بوونی میز ناکات تاوەکو میزڵدانەکە بتوانێ خۆی بەتاڵ بکات، بۆیە بەردەوام تووشی هەوکردن دەبێ، لە مێشکەوە فەرمان بۆ میزڵدان ناچێ بۆ میزکردن."
لەبارەی شێواز و شوێنی نەشتەرگەرییەکەی سەمیر کەریم، دکتۆر شاخی موحسین گوتی: "نەشتەرگەرییەکە بریتییە لە دانانی ئامێرێک کە لە حەوزی نەخۆش و دەگەیێنرێ بەو دەمارانەی مێشک کە پێشتر پەیوەندییان لەگەڵی هەبووە و ئێستا پچڕاون. جیهازەکە لە هەرێمی کوردستان نییە. نەشتەرگەرییەکە یەکێکە لە نەشتەرگەرییە گەورەکان و لە سەنتەرێکی پێشکەوتوو دەکرێ، ئەمەش پێویستی بە ئامادەکردنی نەخۆشە بۆ پێش و پاش نەشتەرگەرییەکە."
ئەو هاونیشتمانییە لە کۆمەڵگەی پیرزین لە سنووری پارێزگای هەولێر لە خانووی ماڵی خەزووری دەژی. حەوت ساڵە بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە کاری نەکردووە و هیچ مووچەیەکیان نییە. تەنیا سەرچاوەی بژێوی و خواردنی رۆژانەیان، خێرخوازانە.
نەشتەرگەرییەکەی سەمیر 90 هەزار دۆلار'9'ـدەفتەری تێدەچێت و پێویستی بە سەنتەرێکی پێشکەوتووە. بۆ هەڵسانە سەرپێی سەمیر و دووبارە دەستکردن بە کار و دابینکردنی بژێویی خێزانەکەی، چاوی لە دەستی خێرخوازانە لەو دۆخە رزگار بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ