رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا لە شاری چاڵدێرانی پارێزگاکە نزمترین پلەی گەرما تۆمار کراوە، کە 18 پلەی سیلیزی ژێر سفر بووە.
رۆژی هەینی 26-01-2024، مەهدی سابری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا شاری چاڵدێرانی پارێزگاکە ساردترین شاری ئێران و پارێزگای ورمێ بووە، کە پلەی گەرمی تێیدا گەیشتووەتەوە 18 پلەی سیلیزی ژێر سفر.
مەهدی سابری ئاماژەی بەوە کرد، شاری ماکۆی سەر بە پارێزگاکەش بە 16 پلەی سیلیزی ژێر سفر، یەکێک لە ساردترین شارەکانی پارێزگاکە و ئێران بووە.
شاری چاڵدێران یەکێک لە شارە سنوورییەکانی پارێزگای ورمێیە، کە دەکەوێتە سنووری پارێزگاکە لەگەڵ تورکیا، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 50 هەزار کەسە، کە تورکی ئازەری و کوردن.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ لەبارەی کەشوهەوای ئێستای پارێزگاکەش گوتی، هۆشداریی پرتەقاڵیی راگەیێندراوە و لە کۆتاییەکانی ئەمڕۆ هەینییەوە بارانبارین، بەفر و باهۆز لە سەرجەم ناوچە و شارەکانی پارێزگاگە دەستپێدەکات و تاوەکو کۆتایی رۆژی شەممە 27-01-2024 بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ