دەستەكانی خۆی بەستنەوە و خۆی خنكاند

26-01-2017
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن گەرمیان
A+ A-

رووداو – گەرمیان

وەكو عادەتی هەمیشەیی، دایكی چەند جارێك بانگی دەكات بۆ ئەوەی بێتە سەر سفرەی خواردن، بەڵام ئەو ئێوارەیە شاخەوان وەڵامی دایكی ناداتەوە، كاتێك دایكی دەچێتە نهۆمی دووەمی خانووەكەیان، دەبینێ‌ شاخەوان دەرگای لەسەر خۆی داخستووە، ئەویش خێرا دراوسێكانی ئاگادار دەكاتەوە.

(شاخەوان.م)، تەمەن 32 ساڵ و دانیشتووی شارۆچكەی كەلار، شەوی 12/1/2017 لە ژوورەكەی خۆیدا بە پەت خۆی هەڵواسی و خۆی خنكاند.

رائید عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بە (رووداو)ی راگەیاند "بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئەو گەنجە خۆی خنكاندووە، لەو هێڵكارییەی بۆ شوێنی رووداوەكەش كراوە، دەركەوتووە لە كاتی خۆخنكاندنیدا دەستەكانی خۆی بەستووەتەوە، ئەوەش دەریدەخات كە بە تەواوی بڕیاری خۆلەناوبردنی داوە". 

گوتیشی "بە قسەی كەسوكاری، ئەو گەنجە نەخۆشیی دەروونی هەبووە، ئێمەش چاوەڕێی راپۆرتی پزیشكین و لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە بەردەوامە".

سەرچاوەیەكی نزیك لە خێزانی شاخەوان بۆ (رووداو)ی روونكردەوە، كوڕەكەیان لە تەمەنی هەرزەكارییەوە تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە و دواتر بۆیان دەركەوتووە تووشی شیزۆفرینیا بووە، بەردەوامیش دەرمانی چارەسەری بەكارهێناوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی "هەندێكجار نەخۆشییەكەی زۆر بە توندی دەگرت، لەو حاڵەتەشدا زۆر تووڕە دەبوو بە تایبەتی لەو ماوەی دواییدا. جگە لەوەش تێكەڵی كەس نەدەبوو مەگەر لەگەڵ خۆماندا جارجار بڕۆیشتایەتە دەرەوە، زۆرجاریش لە ماڵەوە هەر لە ژوورەكەیدا بە تەنیا دادەنیشت. ئەگەر میوانێكشیان بهاتایە تەنیا سڵاوێكی لێدەكرد و دەچووەوە ژوورەكەی خۆی".

بە گوتەی سەرچاوەكە، هەندێجار شاخەوان گوتوویەتی ژیان هیچ نییە "لە ساڵانی رابردووشدا چەند جارێك هەوڵی خۆكوشتنی داوە، بەڵام نەمردووە".

وەكو ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ كرد، شەوی رووداوەكە، دایكی خواردنی داناوە و وەك جارانی دیكە بانگی كردووە بۆ نانخواردن، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە، پاشان چووە بانگی بكات، بینیویەتی دەرگاكەی داخراوە، دایكی هانای بۆ خەڵكی گەڕەكەكە بردووە و ئەوانیش دەرگایان شكاندووە و بینیویانە شاخەوان خۆی خنكاندووە.

سەرچاوەكە چەند رۆژێك دوای رووداوەكە و بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكە، سەردانی دەزگا ئەمنییەكانی كردووە و گوتی "هێزە ئەمنییەكان لە ژوورەكەیدا كاغەزێكیان دۆزیوەتەوە كە تێیدا شاخەوان پێش رووداوەكە وێنەی چۆنیەتی بەستنەوەی دەستەكانی كێشاوە".

خۆیان دەكوژن

د.دانیاڵ سەعدی، پزیشكی پسپۆڕی دەروونی بە (رووداو)ی راگەیاند، ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان 14%ی ئەوانەی شیزۆفرینیایان هەیە خۆیان دەكوژن. هەندێكیان گۆشەگیر دەبن و هەندێكیشیان تووشی خەمۆكی دەبن. د.دانیاڵ بە پشتبەستن بە توێژینەوە زانستییەكان باسی سیفەتێكی تووشبووانی ئەو نەخۆشییەی كرد و گوتی "هەندێجار دەنگێك كە لە زانستی دەروونزانیدا بە (هەلوەسەی بیستن) ناسراوە، دێتە مێشكیانەوە و داوای ئەنجامدانی كارێكیان لێ دەكات".
  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە