رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان ئاماری ساڵی 2023ـی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، 'تائێستا چوار هەزار و 470 مۆڵەتی دامەزراندن بە کارگەکان دراوە و زیاتر لە 65٪ـی بەرهەمەکانیش هەناردەی شارەکانی عێراق دەکرێن.
رۆژی دووشەممە 25-12-2023، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری ساڵی 2023ـی بلاوکردەوە و رایگەیاند، ''لەماوەی ساڵانی رابردوو تائێستا، چوار هەزار و 470 مۆڵەتی دامەزراندن بە کارگە و کارخانەکان دراوە.''
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە کرد، کارگەکان دابەش دەبن بەسەر سێ جۆری بچووک، مامناوەند و گەورە ''سێ هەزار و 468 کارگەی بچووک، 704 کارگەی مامناوەند و 298 کارگەی گەورەن.''
تۆماری کارگەکان
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ''لە هەرێمی کوردستاندا، 669 کارگە مۆڵەتی سەرەتاییان وەرگرتووە کە لەو ژمارەیە، 443 کارگە لە هەولێر، 183 کارگە لە سلێمانی و 43 کارگە لە دهۆکن".
لەبارەی ژمارەی ئەو کارگانەی لە هەرێمی کوردستان لە دامەزراندندان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان گوتی، "ژمارەیان هەزار و 383 کارگەیە کە لەو ژمارەیە هەزار و 149 کارگە لە هەولێر، 165 کارگە لە سلێمانی و 69 کارگە لە دهۆکن".
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان ئەو کارگانەی لە هەرێمی کوردستان دامەزراون ژمارەیان دوو هەزار و 418 کارگەیە کە لەو ژمارەیە هەزار و 351 کارگە لە هەولێر، 746 کارگە لە سلێمانی و 321 کارگە لە دهۆکن.
پاڵپشتیی بەرهەمی نێوخۆیی
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان باسی لەوە کرد، هەر بەرهەمێکی نێوخۆیی کە 25٪ـی پێویستیی ناوخۆ دابین بکات، وەک پاڵپشتیی بەرهەمەکە، بە زیادکردنی گومرگ لە سنوورەکان، رێگری لە هاوردەکردنی بەرهەمی هاوشێوەی دەکرێت؛ گوتیشی، نزیکەی 65٪ بۆ 70٪ـی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان هەناردەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن.
تۆماری کۆمپانیاکان
لە هەرێمی کوردستان، 31 هەزار و 550 کۆمپانیای خۆماڵی و بیانی تۆمارکراون کە بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، لەو ژمارەیە 28 هەزار و 189 کۆمپانیای خۆماڵین، سێ هەزار و 361 کۆمپانیاش بیانین.
هاوکات سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لەو ژمارەیە، 20 هەزار و 912 کۆمپانیا لە هەولێر، شەش هەزار و 847 کۆمپانیا لە سلێمانی، سێ هەزار و 791 کۆمپانیاش لە دهۆکن.
رێژەی کۆمپانیا بیانییەکان
وەک مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان ئاماژەیدا، "تورکیا 44٪ی کۆمپانیا بیانییەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت، ئێران 10٪، ئەمریکا 6٪، بەریتانیا 5٪، ئوردن 4٪، وڵاتانی ئەوروپی، عەرەبی، چین، رووسیا و وڵاتانی دیکە 31٪ی کۆمپانیا بیانییەکانی هەرێمی کوردستانیان پێکهێناوە".
ئاماری هاوردە و هەناردەی ئۆتۆمبێل و کاڵاکان
بەگوێرەی داتاکانی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان لە ساڵی 2023ـدا، بەگشتی 821 مۆڵەت بۆ هاوردەکردنی 119 هەزار و 928 ئۆتۆمبێل دراوە، هەروەها 421 مۆڵەتیش بۆ هەناردەی کاڵا و ئۆتۆمبێل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان دەرکراوە.
''زۆرترین هەناردە لە بواری کشتوکاڵیدا بووە''
وەک مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی، زۆرترین هەناردەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023، لە بواری کشتوکاڵیدا بووە و هەندێک بەرهەمی وەک هەنار، هەنگوین، سێو، پەتاتە، ترێ، گوێز، سماق، دۆشاوی هەناریان هەناردەی وڵاتانی فەرەنسا، ئیتاڵیا، سوید، بریتانیا، کوێت، قەتەر، ئیمارات و سعودیا کردووە.
بەگوتەی مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، ئەم ساڵ 100 تۆن هەنار، دوو تۆن هەنگوین، 100 تۆن سێو و هەشت هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی دەرەوە کراوە و بڕیارە 80٪ بۆ 90٪ـی بەرهەمی نێوخۆیی پەتاتە کە دەکاتە نزیکەی 500 هەزار تۆن لە کوردستانەوە هەناردەی دەرەوە بکرێت.
هەناردەی پزیشکی
کۆمپانیایەکی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بە ناوی ئاوامێدیکا لە ساڵی 2006ـەوە دامەزراوە و لە ساڵی 2009ـەوە دەستی بە بەرهەهێنانی دەرمان کردووە. سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان گوتی، ئەم ساڵ کارگەکە 12 جۆر دەرمانی هەناردەی دەرەوەی وڵات کردووە.
هەناردەی پیشەسازی و بیناسازی
وەک مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان ئاماژەیدا، 16 جۆری کارگەی رۆنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان هەن کە هەندێکیان بەرهەمەکانیان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، وڵاتانی سووریا، لوبنان، فەلەستین و وڵاتانی ئەفریقیایی هەناردە دەکرێن؛ هەروەها گوتیشی، چەندین کۆمپانیای دیکە هەن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کە بەرهەمەکانیان هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق یان وڵاتان دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ