رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ تورکیا، لە قسەکردنی بەردەوامدان، گوتیشی، لەو 50 ملیۆن لیتر نەوتەی عێراق دەینێرێت، 21 ملیۆن لیتری بەر سلێمانی دەکەوێت.
رۆژی دووشەممە، 25-12-2023، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا و کۆمپانیاکە لە قسەکردنی بەردەوام داین، بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، ''بەڵام ئەمە بابەتێکی کارگێڕی، یاسایی و خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو ئەمنی، سەربازی و سیاسییە، بۆیە پێویستە ئەو لایەنانە وەڵامی دۆخەکە بدەنەوە.''
3ـی نیسانی 2023، کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە تاوەکو ئێستا راگرتووە؛ چەندین جاریش بڕیارەکە درێژکراوەتەوە. لەبارەی هۆکاری راگرتنەکەوە تورکیا دەڵێت، "چالاکییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سلێمانی چڕبوونەتەوە و رێکخراوەکە دزەیکردووە بۆ نێو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان.''
هەڤاڵ ئەبوبەکر رەتیدەکاتەوە، سلێمانی شارێکی نائارام بێت و دەڵێت، فڕۆکەخانەی شارەکە شوێنێکی تەواو مەدەنییە.
لە دوایین بڕیاردا، تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆ شەش مانگی دیکە و تاوەکو 22ـی 6ـی 2024 درێژکردووەتەوە. پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گەشتانەی بەهۆی بڕیارەکەوە راگیراون، بە دەیان گەشتی هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی دیکە قەرەبووکراونەتەوە، ''بەڵام ئێمە دەمانەوێت گەشتەکانمان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێیرلاینزیشدا دەستپێبکەنەوە.''
بڕیارەکە تەنیا راگرتنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا و پێچەوانەکەی نییە، بەڵکو هیچ فڕۆکەیەک ناتوانێت لە سلێمانییەوە بە ئاسمانی تورکیادا بۆ وڵاتانی دیکەش یان بەپێچەوانەکەی تێپەڕێت و قەدەخەکراوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوەشی خستەڕوو، لە رۆژانی رابردوودا قسەیان لەگەڵ کۆنسوڵخانەی تورکیا کردووە و ئەوانیش بە فەرمی پیرۆزبایی سەری ساڵیان بۆ پارێزگای سلێمانی ناردووە، دەشڵێت، ''لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی سلێمانییەوە بۆ تورکیا و بەپێچەوانەکەی دەستپێدەکەنەوە.''
''لە 50 ملیۆن لیتر نەوتەکە، 21 ملیۆن لیتری بۆ سلێمانی دەبێت''
رۆژی یەکشەممە، 24-12-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، رێکارەکانی هێنانی ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوتە تەواوکراوە، کە عێراق بڕیاری ناردنی بۆ پارێزگاکانی کوردستان داوە و هەموو هەوڵەکانیان بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی پرۆسەکە بەگەڕخستووە. هەڤاڵ ئەبوبەکر لەوبارەوە گوتی، ''لەو بڕە نەوتە، 21 ملیۆن لیتری بەر پارێزگای سلێمانی دەکەوێت.''
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، هەر کاتێک بەرهەمە نەوتییەکە گەیشت، بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، گوتیشی، ''بڕیار دراوە سەرەتا لە شوێنە سارد و دوورەدەستەکان، ناوچە شاخاوی و سنوورییەکان و گوندەکان دابەش بکرێت.''
حکومەتی عێراق بەرمیلێک نەوت بە 30 هەزار دینار دەداتە هاووڵاتییانی، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەرمیلێک نەوتی بە زیاتر لە 100 هەزار دینار دەدایە هاونیشتمانییان، ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نرخی لیترێک نەوتی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش لە 500 دینارەوە بۆ 250 دینار کەمکردووەتەوە. هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت، ''نابێ حکومەتی فیدراڵی، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق جیابەکاتەوە، بەڵکو لە ناردنی نەوتەکە بەردەوام بێت و هاووڵاتییان لە شارە گەورەکانیش لێی سوودمەند بن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ