رووداو دیجیتاڵ
دێریک شەوڤین، ئەو پۆلیسەی ساڵی 2020 پیاوێکی رەشپێستی بەناوی جۆرج فلۆید دەستبەسەرکرد و ئەو هاووڵاتییە لەژێر ئەژنۆی گیانی لەدەستدا، لە زیندان بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر و بریندار کرا.
رۆژی شەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2023، نووسینگەی فیدراڵیی زیندانەکانی ئەمریکا لە راگەییندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەندکراوێک لە بەندینخانەی تۆکسن لە ویلایەتی ئەریزۆنا بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر و بردراوەتە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت.
دوای راگەیێندراوەکەی نووسینگەی فیدراڵیی زیندانەکانی ئەمریکا، میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی هێرشی کراوەتە سەر، دێریک شەوڤینی 47 ساڵ بووە.
جۆرج فلۆید رۆژی 25ـی ئایاری 2020 لە بەردەم مارکێتێک لە شاری مینیاپڵس لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا بەدەستی پۆلیسێکی سپیپێست گیانی لەدەستدا.
ئەو رووداوە ناڕەزایی و توڕەیی لە ئەمریکا بەدوای خۆیدا هێنا و لە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمریکا خۆپێشاندان بەڕێوەچوو؛ هاوکات جووڵانەوەیەکیش بەناوی "ژیانی رەشپێستەکان گرنگە" راگەیێندرا.
شەوڤین لە حوزەیرانی 2021 لەلایەن دادگەوە سزای 22 ساڵ و نیو زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
رۆژی 17-6-2023، وەزارەتی دادی ئەمریکا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، "کێشەی سیستماتیکی" لە پۆلیسی مینیاپڵس بووەتە هۆی ئەوەی فلۆید بکوژرێت.
دێریک شەوڤین لە 2001 لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی مینیاپڵس دەستبەکاربوو؛ لەماوەی تەمەنی کارکردنیدا 18 جار لەسەر تووندی مامەڵەی لە کارەکەیدا سکاڵای لەسەر تۆمارکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ