رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی پاراستنی گەل- نەپەگە رایگەیاند، هێرشەکەی سەر ناوەندی (TUSAŞ) لە ئەنقەرە لەلایەن تیمێکی "سەربەخۆ"ی هێزی نەمرانەوە کراوە. ناسنامەی ئەو دوو کەسەشی ئاشکرا کردووە، کە هێرشەکەیان کردووە.
نەپەگە بەشی سەربازیی پەکەکە، کە فەرماندەکەی موراد قەرەیلان، سەرکردەی دیاری پارتی کرێکارانی کوردستانە لە راگەیێندراوەکەدا رایگەیاندووە، "چالاکی فیدایی 23-10-2024، لە کاژێر 15:30ـی ئەنقەرە" لە بەرامبەر ناوەندی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لەلایەن تیمێکی "سەربەخۆ"ی هێزی نەمرانەوە کراوە.
نەپەگە لە راگەیێندراوەکەدا چالاکییەکەی بە "مێژوویی و رۆحی فیدایی ئاپۆیی" پێناسەکردووە. راشیگەیاندووە، "ئەم چالاکییە لەلایەن هاوڕێیانمان (مینە سەڤژین ئالچیچەک ناسراو بە ئاسیا عەلی، عەلی ئۆرەک ناسراو بە رۆژگەر هێلین)ـەوە کراوە".
ناوەندی پاراستنی گەل دەڵێت: "ئەم چالاکییە پێش ماوەیەکی زۆر پلانی بۆ دانراوە و هیچ پەیوەندی بە رۆژەڤی سیاسیی ئەم مانگەوە نییە کە لە تورکیادا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".
دوای هێرشەکە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، پێنج کەس کوژراون و 22 کەس بەرزبووەوە.
عەلی یەرلیکایا، ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزە تایبەتەکانی جەندرمە، ئاسایش و کۆماندۆ، توانییان هەردوو هێرشکارەکە بکوژن، کە یەکێکیان ژن و دووەمیان پیاو بوو.
توساش، کۆمپانیایەکی پشکدارە و سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە؛ سیستمی بۆشایی ئاسمان، مانگی دەستکرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر بەرهەمدەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ