رووداو دیجیتاڵ
سوپای تورکیا جارێکی دیکە سنووری چەند گوند و شارێکی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری بۆردوومان کرد، بەهۆیانەوە منداڵێک گیانی لەدەستدا و نۆ کەسی دیکە بریندار بوون، کە دووانیان منداڵن.
بۆردوومانەکە درەنگی شەوی رابردوو بووە. بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە هێرشەکان لە رێگەی درۆنەوە کراوەتە سەر نەخۆشخانەیەک و سایلۆیەک لە کۆبانی، لە هێرشی سەر سایلۆکەدا 7 کرێکار بریندار بوون.
هاوکات، سنووری گوندێکی مەنبج تۆپباران کرا، کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردایە، لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانەدا منداڵێک گیانی لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون.
هێرشەکە لە کاتێکدایە، دوێنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، بەرەبەیانی پێنجشەممە لە ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیدا بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان، 32 پێگەی پەکەکە و یەپەگەیان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییە خۆجێیەکان، لە ئەنجامی ئەو زنجیرە هێرشەی دوێنێی تورکیادا، تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.
میدیای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاندبوو، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانی تورکیا بۆ سەر قامشلۆ، دێرک، کۆبانێ، تلرەفعەت و منبج بووە.
دوای بۆردوومانەکەی تورکیا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "تورکیا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بەبێ پاساو ناوچەکانمان بۆردوومان دەکات، ناوەندە خزمەتگوزاریی و تەندروستییەکان دەکاتە ئامانج، ئەمە تاوانی راستەقینەی جەنگە."
مەزڵووم عەبدی هەروەها دەڵێت: "ئێمە چەندینجار ئامادەیی خۆمان بۆ دیالۆگ نیشانداوە، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە هێزەکانمان بۆ پاراستنی گەل و خاکمان ئامادەن."
پێشهاتەکان لەکاتێکدان، لە 1ـی ئەم مانگەوە پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا، هەوڵی زیندووکردنەوە یان دروستکردنی پرۆسەی ئاشتی دەدەن.
لەکاتێکدا پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بووەتە رۆژەڤ، 23-10-2024، دوو چەکدار هێرشیان کردە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە. بەرپرسانی تورکیا دەڵێن هێرشەکارەکان پەکەکە بوون و تاوەکو ئێستاش پەکەکە نە لەخۆی گرتووە، نە رەتیکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ